سوودانی: ئەرکی دەزگا حکوومییەکانە رێگری بکەن لە یاریکردن بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان

دوا نوێکردنەوە: 2023-05-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، ئەرکی دەزگا حکوومییەکانە ھەموو تواناکانی خۆیان بخەنەگەڕ لە پێناو رێگریکردن لەھەر یاریکردنێک یان رەفتارێک کە ‌کاریگەری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بکات یان رێگری بکات لە کاری کۆمیسیۆن و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ھەڵبژاردنەکان، ئامرازێکە بۆ پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی بارەگای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی بەسەرکردووەتەوە و لە میانیدا لە نزیکەوە ئاگاداری کارتەکانی دەنگدانی بایۆمەتری بووە.

راشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی بەسەرکردنەوەی بارەگای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکاندا، لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە قوناغی داھاتوودا کراوە، ھەروەھا ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تاوتوێ کراوە.

لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە کار دەکەن بۆ دابینکردنی ھەموو پێداویستییەکانی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند کە پاڵپشتی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەکەن، چونکە دەزگایەکی دەستووریی گرنگە لەناو سیستەمی دیموکراسییدا.

محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاندووە کە ‌پاکی و شەفافییەت لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا، دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ پاراستنی پیشەیی و بێ لایەنی کۆمیسیۆن و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە کرانەوە بەڕووی سەرجەم ھێزە سیاسیەکاندا ھەبێت و مەترسییەکان درووبخرێنەوە و ئەو تێبینیانەی کە دەبنە مایەی پاڵپشتیکردن لەکاری کۆمیسیۆن وەربگیرێن.

محەمەد شیاع سوودانی داوای لە کۆمیسیاران کرد کاربکەن بۆ پتەوترکردنی متمانەی ھاووڵاتی بە ‌پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان و ‌ئەنجامەکانی و گوتی: " ئەرکی دەزگا حکوومییەکانە ھەموو تواناکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ رێگریکردن لەھەر یاریکردنێک یان رەفتارێک کە ‌کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان بکات یان رێگری بکات لە کاری کۆمیسیۆن".

روونیشی کردەوە، ھەڵبژاردن ئامرازێکە بۆ پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی ھەروەک چۆن رێگایەکە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارییەتی بە ئاشتییانە، دیموکراسی و دەستووریی.