یەکێتیی ئەورووپا بە بڕی 1.2 ملیار یورۆ کۆمپانیای "مێتا"ی سزا دا

دوا نوێکردنەوە: 2023-05-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی ئیرلەندی بۆ پاراستنی داتاکانی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە سزای دارایی توندی بە بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن یورۆ (یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار) بەسەر کۆمپانیای "مێتا" کە خاوەنی فەیسبووکە سەپێندراوە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی کۆمپانیای ناوبراو بنەماکانی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی داتاکانەوە پێشێل کردووە.

تۆڕی یورۆ نیوز بڵاوی کردووەتەوە، دەستەکە کە بەناوی یەکێتیی ئەورووپاوە کار دەکات رایگەیاندووە، پێبژاردن بەسەر "مێتا"دا سەپێندراوە، چونکە داتاکانی بەکارھێنەرانی لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەمریکا گواستووەتەوە کە ئەوەیش پێشێلکردنی بڕیارێکی پێشووی دادگایە.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئەورووپا بۆ پاراستنی داتاکان، سزای پێبژاردن بە بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن یورۆی بەسەر کۆمپانیای "مێتا"دا سەپێندراوە.

لای خۆیەوە کۆمپانیای "مێتا" رایگەیاند کە تانە لە بڕیارەکە دەدات.