بڵینکن: "ئەگەر جەنەراڵە سوودانییەکان پابەندی ئاگربەست نەبن رووبەڕووی سزا دەبنەوە"

دوا نوێکردنەوە: 2023-05-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن هۆشداری دایە جەنەراڵە سوودانییەکان کە ئەگەر پابەندی ئاگربەست نەبن رووبەڕووی سزا دەبنەوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بڵینکن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە سەرەڕای بڕیاری ئاگربەست لە خەرتوومی پایتەخت و شارێکی باکووری وڵاتەکە شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامە، ئەو پێکدادانانەشی بە تراژیدی، بێ مانا و کاولکار ناوزەند کرد.

بڵینکن جەنەراڵە سوودانییەکانی ئاگادارکردەوە لەوەی ئەگەر پابەندی ئاگەبەست نەبن رووبەڕووی سزا دەبنەوە و، باسی لەوە کرد کە ئەو لیژنە ١٢ ئەندامەی ئەمریکا پشتیوانی دەکات و لە لایەنە شەڕکەرەکان پێکهاتووە و ئەمریکا و سعوودیە یەکی سێ نوێنەریان تێدا هەیە، لە دوورە چاودێری ئەرکەکەی بەڕێوە دەبات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە رێگەی لیژنەی چاودێرییەوە ئاگاداری پێشێلکردنی ئاگربەستەکە دەبن و گوتی: "پرۆسەی ئاگربەستمان ئاسان کرد، بەڵام جێبەجێکردنی لە ئەستۆی سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادایە".