لە ھەولێر بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانەوە زیانێکی زۆر بە مەڕوماڵاتی ھاووڵاتییەک کەوت

دوا نوێکردنەوە: 2023-05-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

 لە ناحیەی بەحرکە سەربە پارێزگای ھەولێر، ژمارەیەک سەگی بێلانە پەلاماری مەڕوماڵاتی ھاووڵاتییەکیان دا و لە ئاکامدا ، ١٥ سەر مرداربوون و ٢٠ی دیکەشی برینداربوون.

ئەو ھاووڵاتییە کە سەگی بێلانە پەلاماری مەڕوماڵاتەکەی داوە بەناوی عەبدولسەتار عەبدوڵڵا خدر قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەو کاتەی شوانەکەمان ویستوویەتی مەڕوماڵاتەکە ببات بۆ لەوەڕاندان، بینیویەتی ژمارەیەک سەگ پەلاماری مەڕوماڵاتەکەیان داوە".

گوتیشی: "لە کۆی ٣٥ سەر مەڕ ، ١٥ سەریان مردار بوونەتەوە و٢٠شیان برینداربوون".

عەبدولسەتار عەبدوڵڵا خدر باسی لەوەیش کرد ژمارەکی زۆری سەگی بێلانە لە ناحیەکەیان بڵاوبوونەتەوە کە بوونەتە ھەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ژیانیان و گوتی: "ئەمە جاری یەکەمە کە سەگی بێلانە لە ناحیەکەمان بەم شێوەیە پەلاماری مەڕوماڵات بدەن کە بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆرە لە مەڕ مرداربوونەتەوە".

ئەو هاووڵاتییە داوای لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە چارەسەرێک بۆ ئەو سەگە بێلانانە بدۆزنەوە، چونکە زیانی زۆری پێ گەیاندوون و گوتی: "تەنھا ئەمڕۆ بەھۆی پەلامارەکەوە، ١٢ ملیۆن دینار زیانم بەرکەتووە".