بڕیاردەری ئەنجومەنی كۆمسیاران: بەشداری هیچ كار وچالاكییەكی كۆمسیۆنی هەرێم ناكه‌م

دوا نوێکردنەوە: 2023-05-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

لەرونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی، بریاردەری ئەنجومەنی كۆمسیاران لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و راپرسی رایگەیاندوە: ئەو وەك بریاردەر بەشداری لەهیچ كار وچالاكییەكی كۆمسیۆنی هەرێم دا ناكات.

ئیسماعیل خورماڵی بریاردەری ئەنجومەنی كۆمسیاران لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم رایگەیاندوە: لەماوەی هەشت ساڵ ونیو كاری كۆمسیاری لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، هەمیشە كار وچالاكی وهەڵوێستەكانم بەشێوەیەكی پیشەیی وئەرێنی بووە. لەو ماوەیەدا چەندینجار ئەوەم ڕاگەیاندووە: بەشداری هیچ كار وچالاكی وكۆبونەوەیەك ناكەم كەهۆكار بێت بۆ لێكترازان وكاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر پێگەی كۆمسیۆن و دژ بێت بەئاشتەوایی وبێلایەنی و ئارامی سیاسی كوردستان بشێوێنێت.

سەبارەت بەنوێكردنەوەی كۆمسیۆن لەپەرلەمانی كوردستان لەبەرواری 23/5/2023 بەدەر لەو تێبینی و ڕەخنە یاساییانەی كەهەبووە وهەیە لەسەر پرۆسەكە، بەگشتی بەحاڵەتێكی نا تەندروستی دەبینم و وادەزانم خزمەت بەو قەناعەت و مەبدەئەی كاری بەردەوامی من ناكات.

خورماڵی ئاماژەی بەوەشكردوە: وەك هەڵوێستێكی مەبدەئی و دوور لەلایەنگیری یان دژایەتی هیچ كەس و لایەنێك ڕایدەگەیەنم كەبەشداری هیچ كار وچالاكی وكۆبونەوەیەك ناكەم لەئێستا وداهاتوودا كەتێبینی و ڕەخنەی یاسایی لەسەر بێت ولەكەشێكی ئارام وتەندروستدا نەبێت و خزمەت بەكۆی پرۆسەی سیاسی كوردستان و ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پێكەوەژیان نەكات.