پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد

دوا نوێکردنەوە: 2023-05-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئەمڕۆ شەممە بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان کەمال موسلیم و بەڕێوەبەری گشتی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، حەیدەر گەڕعاوی، یەکەم بارهەڵگری گەنمی جووتیاران لە سایلۆی هەولێر وەرگیرا.

سەرەتا نموونەی گەنم لە یەکەم بارهەڵگر وەرگیرا و دواتر پشکنینی بۆ کرا و پشکینەران رایانگەیاند کە ئەنجامی پشکنینەکان زۆر باشتربووە بەراورد بە ساڵانی پێشوو.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق تیشکیان خستە سەر پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمساڵ هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی جووتیاران بە ئاسانترین شێوە بەرهەمەکانییان رادەستی سایلۆ بکەن.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئەو گەنمەی ئەمڕۆ وەرگیرا، سەرەتا پشکنینی بۆ کرا بە خۆشحاڵییەوە گەنمێکی باش بوو، ئومێد دەکەین هەموو گەنمەکانی دیکەی رادەستی سایلۆ دەکرێت وا باش بن، هەروەها ئەمساڵ پڕۆسەکە جیاوازی هەیە لەگەڵ ساڵانی دیکە ئەویش ئەوەیە هەر لە ئێستاوە بڕە پارەیەک هاتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی هەرێم و هەوڵدەدەین ئەوانەی ئەمڕۆ گەنمەکان رادەست دەکەن راستەوخۆ چەکی بانکیان پێ بدەین، ئەوانی دیکەش ناهێڵێن لەماوەی دوو هەفتە زیاتر دوا بکەوێت، هاوکات هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی خزمەتی جووتیاران بکەین و بە ئاسانترین شێوە گەنمەکانییان رادەست بکەن و نەهێڵین زۆر بمێننەوە".
ئەگەرچی پار ساڵ حکوومەتی عێراق بڕی ٣٢٢ هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتبوو بەڵام ئەمساڵ بڕەکەیان بەرزکردووەتەوە بۆ ٣٧٥ هەزار تۆن و، بەڕێوەبەری گشتی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراقیش رایدەگەیەنێت کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، گرنگی تایبەت بە جووتیارانی هەرێم دەدرێت و ئەگەر پێویست بکات بڕی وەرگرتنی گەنمەکە زیاد دەکەین.
حەیدەر گەڕعاوی گوتیشی: "ئەمڕۆ لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستمان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە نرخی ٨٥٠ هەزار بۆ هەر تۆنێک، هەرچەندە تا ئێستا نازانین بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان چەند دەبێت، بەڵام بڕیاردراوە کە ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگرین، ئەگەریش پێویستی کرد لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی و لە چوارچێوەی پەرەپێدان بە جووتیاران و گرنگییدان بە جووتیارانی هەرێم، ئەوا بڕی قەبارەی وەرگیراوی گەنمەکە زیاتر دەکەین".
بەڕێوەبەری گشتی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبارەی پلانییان بۆ کۆی گشتی گەنمی وەرگیراو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: "تا ئێستا یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و بەنیازین ئەمساڵ ئەو رێژەیە بۆ چوار ملیۆن تۆن بەرزبکەینەوە و ئامانجمان ئەوەیە رێگا لە هەناردەکردنی گەنم بۆ دەرەوە بگرین".
ناوبراو ئاماژەی بەو بڕە پارەیەش کرد کە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و گوتی: "٤٠ ملیار دینار لە بانکەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە لەو ژمارەیەش ١٠ ملیار لە هەولێر، ٢٠ ملیار لە سلێمانی و ١٠ ملیاریش لە دھۆکە کە دوای وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، چەکی پارەکان بە جووتیاران دەدرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە کە پارساڵ حکوومەتی عێراق ٣٠٥ ھەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرت لەو بڕەش ١١٧ ھەزار و ٧٧٣ تۆن لە پارێزگای ھەولێر، ١٣٦ ھەزار و ٥٠٠ تۆن لە پارێزگای سلێمانی و ٥٢ ھەزار و ١٩٥ تۆن لە پارێزگای دھۆک بوو.

لە سایلۆی ھەولێر ٢٤ بەنزی گەورە ھەیە کە ھەر دانەیەکیان بڕی دوو ھەزار و ٥٠٠ تۆن گەنم دەگرێت و بە گشتی شوێنی ٦٠ ھەزار تۆن گەنم ھەیە، جگە لەو بڕەش، شوێنی دیکەیش ھەیە کە جێگای ٨٠ ھەزار تۆن دەبێتەوە.