پێکدادان لەسەر سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان لە قەزای هیلمەند سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوجستان لەنێوان پاسەوانانی سنووری ئێران و هێزەکانی تاڵیبان رووی دا.
ئاژانسی هەواڵی فارس کە ئاژانسی نیمچە فەرمی دەوڵەتی ئێرانە لە هەواڵێکدا کە پشتی بە سەرچاوەکانی ناوچەکە بەستووە، بڵاوی کردەوە، لە نزیک بنکەی ئاسایشی ساسولی لە قەزای هیلمەند سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوجستانی ئێران پێکدادان لە نێوان هێزەکانی تاڵیبان و پاسەوانانی سنووری ئێران روویداوە.
لە لایەکی دیکەوە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند کە شەڕ و پێکدادانەکەی سەر سنوور، کۆتایی هاتووە و بەرپرسانی سەربازیی هەردوولا لەسەر سنوور لە کۆبوونەوەیەکدان بۆ هەڵسەنگاندنی هۆکارەکەی.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لە لایەن بەرپرسانی ئێران و تاڵیبانەوە سەبارەت بەو پێکدادانەی رووی دا، نەدراوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر دابەشکردنی ئاوی رووباری هیلمەند گرژی لەنێوان ئێران و تاڵیبان دروستبووە.
لە کاتێکدا ئیدارەی تاڵیبان باس لەوە دەکات کە بەهۆی وشکەساڵی ناوچەکە، بڕی ئاوی بەنداوی کەجەکی و کەمال خان لەسەر رووباری هیلمەند کەم بووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ئاو ناگاتە ئێران، ئێران رایگەیاندووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دۆخەکە، پێویستە شاندێکی تەکنیکی سەردانی بەنداوەکان بکات.