سەرۆكی كۆمەڵەی ئیسلامی ئیسپانیا رایگەیاند: لەوەتەی سەرەتای پەتای كۆڕۆناوە، بە نزیكەیی هەفتانە كەسێكی ئیسپانی لە شاری گرانادا مسوڵمان دەبێت.
بەگوێرەی یورۆ نیوز، عومەر دیل پۆزۆ كە هاوكات سەرۆكی دامەزراوەی مزگەوتی گرانادای ئیسپانیایە، بۆ ئەنادۆڵ وتی: "لە سەرەتای پەتاكەی كۆرۆناوە، ئیسپانییەك هەفتانە ئیسلامی لە باوەش گرتووە، و ئەمەش دۆخێكە دڵخۆشمان دەكات و شانازیمان بۆ دەهێنێت”.
سەرۆكی كۆمەڵەی ئیسلامی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەشكرد، "نزیكەی 36 هەزار موسڵمان لە شار و گەڕەكەكانی گرانادا دەژین، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 700 موسڵمان بوون لەم شارەدا".
لای خۆیەوە سكرتێری كۆمەڵەكە، محەمەد ئاگانا، ڕوونی كردەوە كە "لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا ژمارەی موسڵمانانی نیشتەجێی ئیسپانیا 10 هێندە زیادی كردووە، ژمارەكەشی 2 ملیۆن و 500 هەزار كەسی تێپەڕاندووە".
زۆربەی موسڵمانان كە زۆربەیان لە مەغریب، پاكستان، بەنگلادیش، سەنیگال و جەزائیرەوە سەرچاوە دەگرن، لە ناوچە پیشەسازییەكانی وەك كەتەلۆنیا، ڤالێنسیا، ئەندەلوس و مەدرید دەژین.