بڕیارا دادگەها فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاساو بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2022، پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی پارتی و گۆڕان و یەكێتی و پێكهاتەكان تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكردەوە، لەكاتێكدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 كۆتایی هات.
بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بەكاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان هەڵوەشایەوە و یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لەهەرێمی كوردستان-عێراق هەڵوەشاوەتەوە و یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێم ژمارە (14)ی ساڵی 2008یش هەڵوەشاوەتەوە.
هەروەها یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای رێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەكان و یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنیو مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان و یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراویش هەڵوەشاوەتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە شارەزایانی یاسای دەستوری ئەوە دەڵێن كە سەرجەم ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە ئەندامانی پەرلەمان كراوە هەڵوەشاوەتەوە و ئەو پەرلەمانتارە نوێیانەی كە سوێندی یاساییان خواردووە لەدوای ڕێكەوتی 6ی 11ی 2022 پەرلەمانتار نین.