هەرێمی كوردستان.. بەشێک لە منداڵانی ئیشکەر رووبەڕووی دەستدرێژی دەروونی دەبنەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-06-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات لەسەدا ٤٠ی منداڵانی ئیشکەری سەرشەقام رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و کەمێکیش لەوانە رووبەڕووی دەستدرێژی دەروونی دەبنەوە.

هاوڕێ محەمەد تۆفیق باس لە توێژینەوەیەک دەکات کە ماوەکانی پێشتر لە هەریەک لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی ئەنجامیان داوە لەسەر منداڵانی سەرشەقام و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات زۆربەی ئەو منداڵانە بەهۆی خراپی باروگوزەرانی خێزانییانەوە هاتوونەتە سەر شەقام و دەڵێت: "ئەم کارە کە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کراوە، رووپێویەکی زانستییە بۆ زانینی ژمارەی ئەو منداڵانی لەسەر شەقام کار دەکەن و هۆکارەکانی تێیدا دیاری کراوە کە زۆربەیان بەهۆی هەژارییانەوە لەسەر شەقامەکاندا تا درەنگانی شەو دەمێننەوە بۆ کارکردن، رێژەیەکی زۆر کەمییان بۆ ویستی خۆی یان حەزکردن و هەستکردن بە گەورەبوون کار دەکەن".

توێژەری کۆمەڵایەتی، هاوڕێ محەمەد تۆفیق ئاماژە بەوەش دەکات، لەسەدا ٤٠ی ئەو منداڵانەی لەسەر شەقام کار دەکەن رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و زارەکی و دەروونی بوونەتەوە، لەمانەش هەندێکی کەمیان تووشی گێچەڵی زارەکیی سێکسیش بوونەتەوە، بەڵام زۆربەیان رووبەڕووی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی بوونەتەوە و گوتی: "بەداخەوە دەتوانرێت ئەم منداڵانە بۆ کۆمەڵێک کاری نایاسایی بەکاربهێنرێن، ئەمە جگە لەوەی مەترسی لەسەر داهاتوویان هەیە، بەوەی کە بەشێکی زۆریان دابڕاون لە خوێندن، هاوکات بوونەتە هۆی دروستبوونی سیستمێکی ناڕێک و ناتەندروست لەسەرشەقامەکان".

هاوڕێ محەمەد تۆفیق باسی له‌وه‌شكرد منداڵانی سەرشەقام بوونەتە بەشێک لە دیاردەیەکی نامۆ و نەخوازراو لەسەر شەقامەکان و دەڵێت: "منداڵەکان خۆیان قوربانی بارودۆخێکن، تەمەنیان لەو ئاستەدا نییە کە ئەوان بکەونە بازاڕ و بەر کارکردن، ئاساییە ئەگەر ئەم منداڵانە هەڵسوکەوتی نەشیاویان ئەنجام دا و تاکە رێگاش بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە، بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی خێزانەکانیانە".