عیراق ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان

دوایین نوێکردنەوە 2023-06-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

لە رۆژی بەڕێوەچوونی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، 250 هەزار فەرمانبەری كۆمیسیۆن بەشداری بەڕێوەبردنی پرۆسەكە دەكەن.


كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند كە لە رۆژی بەڕێوەچوونی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، 250 هەزار فەرمانبەری كۆمیسیۆن بەشداری بەڕێوەبردنی پرۆسەكە دەكەن و ئاماژەی بەوەیشدا كە لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تا ئێستا، 150 ملیار دیناریان بۆ خەرج كراوە.


ئەندامی تیمی راگەیاندن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، عیماد جەمیل لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، بڕی 150 ملیار دینار بۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان خەرجكراوە كە ئەوەیش بەشی ئەوە دەكات بۆ ئەوەی كۆمیسیۆن دەست بە كارەكانی بكات لەبارەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، چاپكردن و دابەشكردنی كارتەكانی دەنگدان، هەروەها لەچاپدانی پێداویستییەكانی دیكەی دەنگدان.


راشیگەیاندووە، كۆمیسیۆن پێویستی بە بوودجەی دیكە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی پێ بدات كە بەشداری لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن و ژمارەیان 250 هەزار فەرمانبەرە و وتی: "كۆمیسیۆن بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەر سندوقەكانی دەنگدان، پێویستی بە 50 ملیار دینار هەیە لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، 60 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی سەر سندوقەكانی دەنگدان خەرج كرابوو".


عیماد جەمیل باسی لەوەیش كرووە لە مانگی تەمووزی داهاتوودا، كۆمیسیۆن دەست بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، چاودێران، بریكارانی قەوارە سیاسیی و میدیاكاران دەكات و وتی: "ئەگەری هەیە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بەرلە 20ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت".