سوپای عێراق داو دەكات رووپێوی بۆ زەوییەكانی سنوری تۆپزاوە بكات

دوا نوێکردنەوە: 2023-06-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپیده‌


بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك لەسەر داوای سوپای عێراق، رووپێوی بۆ زەوییەكانی سنوری تۆپزاوا دەكات، ئامانجی رووپێوییەكەش گەڕاندنەوەی زەوییەكانی تۆپزاوایە بۆ ژێر دەستی وەزارەتی بەرگریی عێراق.


بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك بە نوسراوێك هۆبەی كشتوكاڵی یایچی راسپاردووە دەست بە رووپێویی و جیاكردنەوەی زەوییەكانی كەرتی 23ی دیبەگ - تەپە و 24ی تۆپزاوا بكەن بۆ ئەوەی ئەو زەویانە بگەڕێندرێنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەو شێوەیەش جوتیارانی كورد و توركمان لەسنوری تۆپزاوا هیچ پارچە زەوییەكیان لەژێر دەستدا نامێنێت.


نوسراوەكەی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك، لەسەر داوای فەرماندەی فیرقەی 11ی سوپای عێراقە، كە رۆژی 29ی مانگی رابردوو، داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی كەركوك كردووە، سنووری زەوییەكانی كەرتی 23ی دیبەگ -تەپە و 24ی تۆپزاوا دیاری بكات.


رۆژی پێنجشەممەش شاندێك لە وەزارتی دادی عێراق، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جوتیارانی كورد و توركمانی سنوری تۆپزاوا رایگەیاند، سەبارەت بە موڵكداری زەوییەكان بە رێگەی یاسایی هەموو هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ، تا بیسەلمێنن جوتیارانی كورد و توركمان خاوەنی راستەقینەی زەوییەكانی سنوری تۆپزاوان و دەستوەردانی نایاسایی رەتدەكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی بەرگریی عێراق كردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا وەڵام دەدرێنەوە و كێشەكە چارەسەر دەكرێت.