ژاپۆن و ئەمریکا و کۆریای باشوور دژبە مووشەکەکانی کۆریای باکوور سیستمی زانیاری هەنووکەیی دادەمەزرێنن

دوا نوێکردنەوە: 2023-06-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێدە

دژ بە مووشەکەکانی کۆریای باکوور، وەزیرانی بەرگریی ژاپۆن، ئەمریکا و کۆریای باشوور رێککەوتن لەبارەی دانانی سیستمێک کە دەستەبەری بەشکردنی زانیاری هەنووکەیی دەکات بۆ هەر سێ وڵاتەکە.

لە چوارچێوەی دیالۆگی شانگری-لا لە سینگاپور، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن و وەزیری بەرگریی ژاپۆن، هامادا یاسوکازو و وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، لی جۆنگ-سوپ کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، لی جۆنگ-سوپ باسی لەوە کرد کە وەزیرانی بەرگریی هەرسێ وڵاتەکە رێککەوتوون لەبارەی ئەوەی تا کۆتایی ساڵ سیستمێک دابمەزرێنن کە دەستەبەری بەشکردنی زانیاریی هەنووکەیی بکات دژبە مووشەکەکانی کۆریای باکوور.

لی باسی لەوە کرد کە سیستمەکە توانای چاودێری و دیاریکردنی مووشەکەکانی کۆریای باکوور بە شێوەیەکی دڵنیاتر و روونتر دەبەخشێتە کۆریای باشوور و ژاپۆن و ئەمریکا و هاریکاری ئەمنیی سێقۆڵی بەهێزتر دەکات.

کۆریای باکوور کە ساڵی ٢٠٢٢ بە هەڵدانی نزیکەی ٩٠ مووشەکی هەمەجۆری مەودا جیاواز ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە تاقیکردنەوەی مووشەکیدا، بانگەشەی ئەوە کرا کە لەکاتێکی نزیکدا تاقیکرندەوەیەکی نوێی ئەتۆمیی ئەنجام دەدات.

دیالۆگی شانگری-لا کە بە یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکان دادەنرێت و تیایدا بابەتە ئەمنییە جیهانی و هەرێمییەکان تاوتوێ دەکرێت، ئەمساڵ زیاتر لە ٦٠٠ نوێنەر و شارەزا لە ٤٠ وڵاتی جیهانەوە بەشدارن تیایدا.