سوپای میسر له‌باره‌ی كوژرانی سێ سەربازی ئیسرائیلی و سەربازێكی میسری روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2023-06-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

میسر رایگەیاند، لەئاكامی ئەو رووداوانەی لە كاتی راوەدوونانی قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەكان، لەسەر سنووری ئیسرائیل سەریان هەڵدا، سێ سەربازی ئیسرائیلی و سەربازێكی میسری كوژران.

گوتەبێژی سوپای میسر، عەقید غەریب عەبدولحافیز لەبارەی رووداوەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە ئەفسەرێكی ئەمنی كە بەرپرسی ئاسایشی سنوور بوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەوڵی دەستگیركردنی قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەكان داوە.

عەقید غەریب عەبدولحافیز رایگەیاندووە: "لەكاتی راوەدوونانی ژمارەیەك قاچاخچی، ئەو سەربازەی بەرپرسی ئاسایشی سنوور بوو بەربەستی ئەمنی پێشێلكرد، لە ئەنجامی تەقەكردن لەیەكتر، سێ سەربازی ئیسرائیلی كوژران و دوو سەربازیش بریندار بوون. لە رووداوەكەدا یەكێك لە كارمەندە ئەمنییەكانی میسریش كوژرا".

عەبدولحافیز رایگەیاند، رێكاری ئەمنی گیراوەتەبەر و رێوشوێنی یاسایی دەستی پێكردووە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ رووداوەكە.

لەلایەكی دیكەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردەوە: "بەهۆی تەقەكردنەوە لە سنووری میسر، دوو سەرباز كوژراون، دواتریش لە شەڕ و پێكدادانێكدا پەلاماردەرێك تەقەی كرد و سەربازێكی دیكەی كوشت. هاوكات نزیك سنوور سەربازێك بە سوكی بریندار بوو".

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو پەلاماردەرەی تەقەی لە سەربازەكان كردووە، "ئەفسەرێكی پۆلیسی میسری" بووە و كاتێك سەربازانی ئیسرائیلی وەڵامی هاوشێوەیان داوەتەوە، تەقەی لێكراوە و كوژراوە.