دیجیتال میدیای سپێده
ئەنجومەنی باڵای مامۆستایانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەبارەی دادگاییكردنی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ داوا لە وەزارەتی پەرورەدەو ئەنجومەنی وەزیران دەكات بێ ڕێزی بەرانبەر بە پرۆسەی پەروەردە ڕابگرن.
لەو بارەیەوە، عبدالخالق ماوەتی بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای مامۆستایانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە سپێدهی ڕاگەیاند: ئێمە نیگەرانین لە دەستگیركردن و دادگاییكردنی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ كە ئەوان بەڕونی و ئاشكرایی داوای سەرەتاییترین مافی خۆیان بەڕێگەی مەندەنیان كردووە كە كردنیانە بە هەمیشەیی و دادگاییكردنی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، زوڵمێكی دیكەی دەسەڵاتە لەپاڵ ئەو هەموو زوڵم و ناهەقیانەی كە بەرانبەر بە هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كردویانە.
هەروەها وتیشی: مامۆستایانی وانەبێژ و نوێنەرەكانیان شایانی ڕێزلێنان و دامەزراندنن، نەك دادگاییكردن لەسەر خۆپیشاندانێكی مەدەنی بۆ داخوازی مافەكانیان و نابێت وەزارەتی پەرورەدەو ئەنجومەنی وەزیران بەو نەفەسە لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ مامەڵە بكەن، بەپێچەوانەوە دەبێت ڕێز لە هەوڵ و كۆشش و خزمەتەكانیان بگیرێت، چونكە ئەوان تەواوكەری پرۆسەی پەروەردەن لە هەرێمی كوردستان.
جێگەی باسە، بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە دوو لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر دادگایی بكرێن ئەوەش دوای ئەوە هات لە ماوەی ڕابردوودا مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران گردبونەوەو دواتر ئەو دوو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبیژ دەستگیركران و دواتر بە كەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد كران.