وەزیری دەرەوەی عێراق: خۆشحاڵین بە گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی

دوایین نوێکردنەوە 2023-06-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، رایگەیاند، خۆشحاڵن بە گەڕانەوە سووریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی.

فوئاد حوسێن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، فەیسەڵ میقداد کە سەردانی بەغدای پایتەختی کردبوو، لە باڵەخانەی وەزارەت کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشی بۆ ساز کرا.

بە ئاماژەدان بەوەی کە لەگەڵ هاوتاکەیدا باسیان لە دۆخی مرۆیی و ئەمنی سووریا کردووە و فوئاد حوسێن گوتی: "پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریا رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت. وەک حکوومەتی عێراق ئامادەین پشتیوانی گەلی سووریا بکەین، خۆشحاڵن بە گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی".

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن هەروەها باسی لە بوونی پەنابەرانی سووریایی کرد لە وڵاتانی وەک عێراق و لوبنان و ئوردن و گوتی : "باوەشمان بۆ ٢٥٠ هەزار پەنابەری سووریایی کردەوە کە زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن. لە ماوەی داهاتوودا هەوڵ بۆ ناردنی هاوکاری بۆ سووریا دەدەین".

وەزیری دەرەوەی سووریا، فەیسەڵ میقداد-یش لای خۆیەوە سوپاسی عێراقی کرد بەرامبەر بە پشتیوانیکردنی وڵاتەکەی لەو بوومەلەرزانەی کاریگەری کردبووە سەر سووریا.

میقداد جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و گوتی: "بە یەکگرتنی ئیرادەی هەردوو گەل و بوونی پەیوەندی لەنێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات، زیاتر لەیەکتر نزیک دەبینەوە. گەلی سووریاش مەیلی ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی لەگەڵ عێراق هەیە. لە هەموو بوارەکاندا و بەتایبەتی لە بوارەکانی سیاسی و ئابووریدا لەگەڵ ئەوەداین برەو بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان لەگەڵ عێراق، بدەین".

بڕیارە لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق، فەیسەڵ میقداد لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی، و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایق زەیدان کۆدەبێتەوە.