دیجیتاڵ میدیای سپێده
رێكخراوی پەروەردەیی، زانستی و كلتووریی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونسكۆ) بڕیاریدا تا مانگی تشرینی دووەمی 2023 رەشنووسی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیی ئامادە بكات كە ئامانج لێی كۆتاییهێنانە بە پیسبوونی ژینگە بەهۆی پاشماوەی بەرهەمە پلاستیكییەكان.
دوێنێ شەممە، دووەمین دانوستان سەبارەت بە رێككەوتنەكە لە بارەگای یونسكۆ لە پاریس بە بەشداری 175 شاندی وڵاتان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دەرەوە و گۆڕانی ئیكۆلۆجیی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێكدا باسی لە ئەنجامی دانوستانەكانی ئەم هەفتەیە كردووە و ئاماژە بەوە كراوە كە سەرۆكی لیژنەی دانوستانكاری نێودەوڵەتی، گوستاڤۆ مێزا كوادرا ڤێلاسكێز ئەركی ئامادەكردنی رەشنووسی رێككەوتنەكەی وەرگرتووە، ئامانجی رێككەوتنەكە كۆنترۆڵكردنی تەواوی پرۆسەی بەرهەمە پلاستیكییەكانە لە بەرهەمهێنانەوە تا ریسایكڵكردن، هەروەها رێگریكردنە لە پیسبوونی ژینگە.
توێژینەوەیەكی نوێی نێودەوڵەتی دەڵێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە مرۆڤ ئەوەندەی پلاستیك درووستكردووە، كە بەشی ئەوە دەكات تەواوی گۆی زەوی بە نایلۆن پێ دابپۆشی، بەپێی خەمڵاندنەكانی توێژەرەكان ساڵانە 300 ملیۆن تۆن لە پلاستیك درووستدەكرێ، ئەوەش دەكاتە كێشی سەرجەم دانیشتووانی زەوی!
وەك لە توێژینەوەكەدا هاتووە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە پێنج ملیار تۆن پلاستیك درووستكراوە و كۆتایی ئەم سەدەیە بڕەكە دەگاتە 30 ملیار تۆن.
پلاستیك لەو ماددانەیە كە زیانی زۆری بۆ تەندروستی هەیە و بەگوێرەی جۆرەكانی رێگە خۆشدەكات بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە باوەكانی سەردەمی ئێستا، وەكو شەكرەی جۆری دوو، نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن و جۆرەها شێرپەنجە.