بەنداوی نۆڤا كاخۆڤكا لە هەرێمی خیرسۆن لە ئۆكرانیا تەقێنرایەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-06-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەنداوی نۆڤا كاخۆڤكا كە دەكەوێتە سنوری هەرێمی خیرسۆن، كە ئەو هەرێمە لەلایەن رووسیاوە كۆنترۆڵكراوە تەقێنرایەوە، ئۆكرانیا و ڕوسیا یەكتریان تۆمەتباركرد بە تەقاندنەوەی بەنداوی نۆڤا كە بووەتە هۆی لافاوێكی بەربڵاو لە باشوری ئۆكرانیا.

فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی ئۆكرانیا لەباشوور ڕایگەیاند هێزەكانی ڕوسیا بەنداوی نۆڤا كاخۆڤكای سەردەمی سۆڤیەتیان لە ناوچەی خێرسۆنی داگیركراو تەقاندۆتەوە.

لەبارەیەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی خێرسۆن كەنزیكن لەرووسیا ،سەرەتا رەتیانكردەوە بەنداوی نۆڤا كاخۆڤكا تەقێندرابێتەوە، بەڵام دواتر دانیان بەوەدانا كە بەنداوەكە رووبەڕووی هێرشی توندی تیرۆریستی بووەتەوە.

فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی رووسیا رایگەیاند: تەقاندنەوەی بەنداوەكە بۆتە هۆكاری دروستبوونی لافاو لەناوچەكانی نزیك رووباری دینپرۆ و هەروەها كاریگەری لەسەر دابینكردنی ئاو بۆ نیمچە دوورگەی كریمیاش دەبێت.

بەپێی كورتە ڤیدیۆیەك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە ئەوە دەردەخات، كە تەقینەوەیەكی بەهێز لە دەوروبەری بەنداوەكە روودەدات و دواتر بەنداوەكە دەتەقێتەوە.

بەنداوەكە بەرزییەكەی 30 مەتر و درێژییەكەی 3.2 كیلۆمەترە و لە ساڵی 1956 لەسەر ڕووباری دنیپرۆ دروستكراوە.