د.جەمال كۆچەر: ئه‌مڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدات

دوایین نوێکردنەوە 2023-06-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بڕیارە ئەمرۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆتا كۆبوونەوەی خۆی لەبارەی هەمواری ئەو بڕگە ومادانە بكات كە تایبەتن بەهەرێمی كوردستان وناكۆكی لەسەر دروستبووە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەش پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجە كۆبێتەوە.

د.جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی وسەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی عێراق بەسپێدەی رایگەیاند: بڕیارە ئەمرۆ لیژنەی دارایی كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر تێكڕای پڕۆژەیاسای بودجە وناردنی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

دكتۆر جەمال وتیشی: پێشبینیدەكەین لەو كۆبوونەوەیە لیژنەی دارایی كەسەرۆكایەتی پەرلەمان وسەرۆكی فراكسیۆنەكان بەشدار دەبن بتوانن كۆدەنگیەك لەسەر یاسای بودجە دروست بكرێت وبەئاسانی ئەو یاسایە پەسەند بكرێت. تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە كەبۆ سێ ساڵ دەبێت خزمەتێكی زۆر بەخەڵك دەكات وئابوری عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە دەبوژێنێتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێمیش پابەندی رێككەوتنەكانی بێت لەگەڵ بەغدا بودجەیەكی باش بۆ هەرێم دێت.

د. جەمال كۆچەر ئەوەشی راگەیاند: تا ئێستا هیچ رێككەوتنێكی فەرمی لەبارەی خاڵە ناكۆكەكانی پشكی هەرێمی كوردستان نەگەیشتۆتە دەستی ئەندامانی لیژنەی دارایی، بەڵام بڕیارە لەكۆبوونەوەیەكی نێوان لایەنە سیاسیەكاندا لێكتێگەیشتنەكان بكرێنە پێشنیار بۆ ناو پڕۆژە یاسای بودجە وئامادە بكرێت بۆ كۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممە.

مانگی رابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گۆڕانكاری لەماددەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی كرد، كەتایبەتن بەپشكی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك كەپابەندبوونی زیاتر لەسەر هەرێمی كوردستان داندراوە لەبارەی رادەستكردنی نەوت وچۆنییەتی مامەڵەكردن بەداهاتەكەی وپاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران.