هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، لەبەر دوو هۆكار هێڵەكانی ئینتەرنێت خاو بوونە، یەكەمیان فشاری زۆر لەسەر هیڵەكان هەیە بە هۆی مانەوەی خەڵك لە ماڵەوە، هۆكاری دووەمیش تاوەری هێڵەكان كەمن و خەڵكیش رێگە نادەن تاوەر دابنێن، بۆیە ئەمەش وای كردووە هیڵەكان بە خاوی كار بكەن، بەڵام لە مانگی شەشەوە 25% داشكاندن دەكەن.
كاروان رەزا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لەبەر دوو هۆكار هێڵەكانی ئینتەرنێت خاو بوون، یەكەم ئەوەیە هاووڵاتیان لە ماڵەوەن و زۆرینەیان ئینتەرنێت بەكار دێنن و لە هەولێر و دهۆك تەنها فاستلینگ و نەورۆز فۆرجی هەن، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە كە كۆمپانیاكان ماوەی شەش مانگە داوا دەكەن تاوەر زیاد بكەن، چونكە رێژەیان كەمە و پێویستە تاوەر زیاد بكرێن، بەڵام هاووڵاتیان رێگری دەكەن، لەبەر ئەوەی وا تێدەگەن كە مەترسین.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی، خەڵكی هەرێمی كوردستان هەڵە تێگەیەندراون كە تاوەرەكان مەترسین بۆ سەر تەندروستییان، بەڵام رێكخراوی تەندروستیس جیهانی whoكە هەموو بڕیارەكان دەردەكات، خۆی باس لەوە دەكات كە ئەو تاوەرانە هیچ مەترسییەكیان بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان نییە، چونكە هیچ نموونەیەك نەبووە كە كاریگەری هەیە.
رەزا دەشڵێ، لەبارەی داشكاندنی نرخیشەوە، كۆمپانیای ڤایبەر بڕیاری داوە كە خێرایی هێڵەكانی زیاتر بكات ولە 1/6 كۆمپانیاكانی هێڵی ئینتەرنێت 25%داشكاندن دەكەن، چونكە تا ئەو كاتە كارتەكانیان كۆپی كراوە و ناتوانن بە هۆی سیستەمەوە دەستكاری بكەن، لە پارێزگای سلێمانیش فایبەر ئۆپتیك 10رۆژ بە خۆرایی ئینتەرنێتی داوە بە هاووڵاتیان.
لەبارەی هێڵی پەیوەندیشەوە دەڵێ، كۆڕەك تیلیكۆم و ئاسیاسێل هاوكاریی حكوومەتیان كردووە و بۆ هاوڵاتیانیش بەردەوام ئۆڤەری تازەیان هەیە.
بڵند ئیبراهیم