مووشەکە نوێیەکەی ئێران بە "400 چرکە دەگاتە تەل ئەبیب"

دوایین نوێکردنەوە 2023-06-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لافیتەیەکی زۆر لەبارەی ناساندنی یەکەم مووشەکی بالیستیی "ھایپەرسۆنیک" کە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراوە لە ناوچە جیاجیاکان و شەقامەکانی تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە ھەڵوەسراون.
ئەوەی زیاتر بووەتە جێی سەرنج ئەوەیە، لە لافیتەکاندا دەستەواژەی "بە ٤٠٠ چرکە دەگاتە تەل ئەبیب" بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی و عیبری نووسراوە.
لافیتە گەورەکان کە لە گۆڕەپانی فەڵەستین و شەقامەکانی دیکەی تارانی پایتەخت ھەڵواسراون، ھەڕەشەیەکی روونن لە ئیسرائیل.
رۆژی شەشی ئەم مانگە لە رێوڕەسمێکدا لە تاران کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی و گەورە بەرپرسانی سەربازی ئێران تیایدا بەشدار بوون، یەکەم مووشەکی بالیستیی "ھایپەرسۆنیک" کە ناوی لێندراوە "فەتاح" ناسێندرا.
ئەم جۆرە مووشەکە کە مەودای ھەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر دەبڕێت بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە کاتی پێکانی ئامانجی دیاریکراودا خێراییەکەی دەگاتە ١٣-١٥ مەچ (پێوانەی خێرایی دەنگ، زیاتر لە ١٥ ھەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا).
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا نیگەرانی خۆی لەو ھەنگاوەی ئێران نیشاندا و ھاوکات ئەمریکا رایگەیاند کە چالاکییە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران پێشێلکردنی بڕیارنامەی ژمارە "٢٢٣١"ی ئەنجوومەنی ئاسایشە کە لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٥ پەسەندکراوە و تیایدا داوا لە ئێران دەکات ھیچ چالاکیەک سەبارەت بەو مووشەکە بالیستییانەی کە توانای ھەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان ھەیە ئەنجام نەدات.