دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کاترین کۆلۆنا رایگەیاند کە ھێشتا رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی.
کاترین کۆلۆنا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە لە ریاز پایتەختی سعوودیە بەڕێودەچێت لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کەناڵی "فرانس٢٤" رایگەیاندووە "دەتوانین ئەوە بڵێن کە چەندین ئامانجمان دژبە داعش بەدەستھێناوە لەنێوانیاندا کەمکردنەوەی رووبەری ئەو خاکەی کە داگیری کردبوو، بەڵام ھێشتا رێکخراوەکە ھەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەمان".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا باسی لەوەیش کردووە کە لەئێستادا، ریکخراوی تیرۆریستیی داعش بەنھێنی کاردەکات و ھەوڵدەدات لقی نوێ بۆ خۆی دابمەزرێنێت، لەبەر ئەوە پێویستە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ لەناوبردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکە.
کاترین کۆلۆنا لەبارەی کۆبوونەوەەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش رایگەیاند کە ئامانج لە کۆبوونەوەکە، درێژەدانە بە ھەوڵەکان بۆ لەناوبردنی داعش و رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە وەک "ئەلقاعیدە".