سعوودیە: بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنی ھەوڵەکان بۆ لەناوبردنی داعش

دوا نوێکردنەوە: 2023-06-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە پاڵپشتیکردن لە ھەوڵەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ لەناوبردنی داعش.

کەناڵی ئیخبارییەی سعوودی بڵاوی کردەوە کە فەیسەڵ بن فەرحان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە لە ریاز بەڕێوەدەچێت رایگەیاندووە، سعوودیە ھەمیشە باوەڕی بەوەیە کە رێگای گەیشتن بە ئاسایش، سەقامگیریی، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی پێویستی بە بەردەوامبوونی ھەوڵە بەکۆمەڵەکان ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بیری توندئاژۆیی و گوتی: "وڵاتەکەمان بەردەوامە لە پاڵپشتیکردن لە ھەوڵەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ لەناوبردنی داعش".

باسی لەوەیش کرد کە سعوودیە بەشداری دەکات لە پرۆژەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوە لە عێراق و جەختی لەوە کردەوە کە سعودیە زۆر بەپەرۆشە بۆ سەقامگیریی ئەو وڵاتانەی کە رێکخراوی چەكدارانی داعش شەڕیان تیایدا، لەنێویاندا عێراق و سووریا.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە گوتیشی: "بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنم کە سعوودیە لەگەڵ ئەمریکا، ئیتاڵیا، نیجەر و مەغریب چووەتە پاڵ کۆمەڵەی پەیوەندیدار بۆ کاروباری ئەفریقیا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش".

لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی چەكداری داعش، سعودیە خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە لەبارەی دامەزراندنی کۆمەڵەی پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی ویلایەتی داعش لە خوراسان لە ئەفغانستان.

لە ئەیلوولی ٢٠١٤، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەڕابەرایەتیی ئەمریکا و بەئەندامێتی ٨٥ وڵات بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق و سووریا، پێکھێنرا.