قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ تا ئه‌مڕۆ سەعات 12ی شه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ تاوه‌كو سەعات 12ی شه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت و تا ئه‌وكاته‌ ورده‌كاری و ڕێنماییه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و هیوادارن تا ئه‌وكاته‌ خه‌ڵك پابه‌ندی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بن و نه‌یەنه‌ ده‌ره‌وه‌ و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لیژنه‌یه‌ك له‌سه‌ر پزیشكه‌كه‌ی سلێمانی پێك هێندراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له ڕووداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: "دوای وه‌رگرتنی پێشنیار و تێبینیی پارێزگار و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و له‌پێناو پاراستنی ئاسایشی ته‌ندروستیی  هه‌رێمی كوردستان بڕیارمان دا، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وام بێت به‌و شێوه‌یەی ئێستا تا سەعات 12ی شه‌و و هیوادارین هاووڵاتیانیش پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن و له‌ ماڵه‌وه‌ بمینێنه‌وه‌."

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتیشی: "ده‌سه‌ڵات ده‌درێته‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌پێی ئه‌و پێشنیاره‌ی كردوویانه‌ له‌ سەعات 12ی شه‌و تا سەعات ٦ی ئێواره‌ به مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی شوێنه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان كه‌ پێویستن بۆ هاووڵاتیان و هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێله‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌پێی پێویست."

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ شه‌شی ئیواره‌ تا 12ی شه‌و له ‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوی جێبه‌جێ ده‌كرێت و ته‌نها ڕێگه‌ ده‌درێت به‌ تیمه‌ ته‌ندروستی و ئه‌منیه‌كان و ئه‌مبولانس و ئه‌وانه‌ی له ‌ئه‌ركدان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌پێی ڕێنماییه‌كان كه‌ پێشووتر بڕیاری لێ درابوو به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌م بڕیارانه‌ش له‌ سبه‌یه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت."

باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و هێزانه‌ی له‌ سلێمانی هێرشیان كردووەته‌ سه‌ر پزیشكێك له‌ بازگه‌یه‌ك، لیژنه‌یه‌ك پێك هێندراوه‌ و پارێزگاریش ڕاسپێردراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌."

گوتیشی: "له ‌48 سەعاتی ڕابردوودا هاووڵاتیان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بوونه‌  و پێشنیاریش كراوه‌ به‌پێی سەعاته‌كان هاتوچۆ هه‌بێت و ڕۆژانه‌ چه‌ند سەعاتێك سێكته‌ره‌كان كار ده‌كه‌ن و پێویسته‌ ده‌ستكێش و ده‌مامك له‌ شوێنه‌كانی كاركردن به‌كار بهێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ركه‌وتنیش هه‌بێت زیانی كه‌متر بێت."

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "ئه‌و خێزانه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كی كارێزان كه ‌بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی 67 كه‌س تووشی كۆرۆنا بن، پێویسته‌ له‌ ڕێگه‌ی دادگاوه‌ سزای خۆیان وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چاك ده‌بنه‌وه.‌"

وه‌زیری ناوخۆ ئاماژه‌یشی دا: "داوا لە هاونیشتمانیان دەکه‌ین کەلوپەل لە خۆیان گران نەکەن و شت تەنها بەشی خۆیان بکڕن، تاوەکو شەش مانگی دیکەش کێشەی خۆراک و کەلوپەلمان نابێت و سبەینێ کە هەڵدەستن ژیان ئاساییە و قەرەباڵخی دروست مەکەن".

بڵند ئیبراهیم