لە سیدەکان شوانێک بەر مین کەوت و بەسەختی برینداربوو

دوایین نوێکردنەوە 2023-07-28 00:00:00 - سەرچاوە: رووداو

لە کوێستانێکی دەڤەری برادۆست گەنجێک کە پیشەی شوانکاری بووە بەر مین کەوت و بەشێک لە جەستەی لە دەستدا.

 

رۆژی هەینی، 28ـی تەممووزی 2023، رابەر ئەنوەر بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەنجەکە بە ناوی (س. ن. س) تەمەنی 15 ساڵە، خەڵکی گوندێکی دەشتی هێرتی سەر بە قەزای سیدەکانە و لە کوێستانی سەرووکە بەر مین کەوتووە. 

 

لەمساڵدا لە کوێستان و ناوچە مینڕێژکراوەکانی سنووری ئیدارەی سۆران شەش هاونیشتمانی بەر مین کەوتوون و دوو لەو هاونیشتمانیانە گیانیان لەدەستداوە و چواریشیان نڤیشکان بوون.

 

بەپێی ئاماری دەزگای گشتی کاروباری مین 255 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە رووبەری خاکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان بە مین و پاشماوە جەنگییەکان پیسبوون و دەبێت پاکبکرێنەوە، رێژەی 60٪ـی مین و پاشماوە جەنگییەکان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و 40٪ــیشیان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک. 

 

هاوکات، تائێستا 13 هەزار و 557 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی مین و پاشماوە جەنگییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەی 6 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەیان برینداربوون و هەندێکیشیان نیڤشکان بوون.