گومان دەكرێ مردنی كاروان عەلی شامار پەیوەندی بە ململانێی باڵەكانی نێو یەكێتییەوە هەبێت

دوایین نوێکردنەوە 2023-08-05 00:00:00 - سەرچاوە: باسنيوز

میدیاكانی سەر بە لاهوور جەنگی گومانی ئەوە رادەگەیەنن كە مردنی كاروان عەلی شامار بەرپرسی راگەیاندنی لاهوور جەنگی، پەیوەندیی بە ململانێی باڵەكانی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەبێت، بەتایبەتیش كە ڕووداوەكە دوای ئەوە دێت كە كەمتر لە مانگێك لەمەوبەر، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، مانۆڕێكی سەربازیی ئەنجام داوە.

كاروان عەلی شامار، كوڕی فەرماندەیەكی دێرینی یەكێتی و ژنە ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتییە بە ناوی وەسفیە بەنی وەیس كە دایكیشی هەر بە ڕووداوی هاتوچۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر گیانی لەدەست داوە. لە دوای رووداوەكانی 8ی تەمووزی 2021دا یەكێك بووە لەوانەی بە ئاشكرا پشتیوانیی لە لاهوور جەنگی كردووە و بەهۆی هەڵوێستەكانیشی لە لایەن هێزەكانی سەر بە بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ ڕێبوار عەلی شاماری برای دەستگیر كراوە و تەنانەت بە چەقۆش لە ڕێبواری برای دراوە. 

بەپێی ئەو لێدوانە نافەرمییانە بێت كە تا ئێستا بڵاو كراوەتەوە، كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 5ی ئابی 2023، كاروان عەلی شامار بەهۆی ئەوەی كۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەكەی لەدەست داوە، گیانی لەدەست داوە. بەڵام میدیای نزیك لە لاهوور جەنگی رایدەگەیەنێ كە ڕووداوەكە تەمومژاوییە.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، تا ئێستا لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی و پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی، هیچ تۆمارێكی ڤیدیۆیی ساتی ڕووداوەكە بڵاو نەكراوەتەوە، ئەمەش ئەو گومانانە زیاتر دەكات میدیای لاهوور جەنگی باسی دەكەن زیاتر، بە تایبەتیش كە هاوشێوەی سیناریۆی كوشتنی ڕۆژنامەنووس ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان، لە رووداوەكەی كاروان عەلی شاماریش باسی ئەوە دەكرێت كە گوایە ڕووداوەكە لە نزیك تونێڵێكەوە ڕووی داوە، هەر بۆیە كەسانێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە باس لەوە دەكەن كە ڕەنگە دیسان بانگەشەی ئەوە بكرێ، بەهۆی ئەوەی لە تونێڵێك ڕووداوەكە ڕووی داوە، هیچ تۆمارێكی ڤیدیۆیی نییە!

مردنی تەمومژاویی كاروان عەلی شامار دوای ئەوە دێت كە ڕۆژی شەممە 8ی تەمووزی 2023، بافڵ تاڵەبانی لە ڕێگەی جووڵەپێكردنی هێزێكی زۆری سەربازییەوە، مانۆڕێكی لەنێو شاری سلێمانی ئەنجام دا. ئەوكات لەمبارەیەوە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشوو لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”هێزی چەکداری حزبی، بە پارەی خەڵک بەڕێوە دەبرێت! لەنێو شاردا خەریکی مانۆڕی سەربازییە.“ هەروەك لەبارەی پێناسەكردنی ئەو هێزەشەوە نووسیویەتی: ”خراپتر لە میلیشیا: هێزێکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتەکان بەڕێوە دەبرێت.. پارە و مووچە و خەرجی و چەکیان لە داهاتی خەڵکە! بە بڕیاری حزب دەتوانن خەڵک بگرن! دەستێوەردان لە کاروباری حکوومەت دەکەن، دەستێوەردان لە هەڵبژاردن و هەموو شتێك دەکەن.“

جێی وەبیرهێنانەوەیە كە لە ماوەی نزیكەی دوو ساڵی رابردوودا، زۆر لە سەركردە و كادیرانی یەكێتی كە سەر بە باڵەكەی بافڵ تاڵەبانی نین، یان تیرۆر كراون یان هەوڵی تیرۆكردنیان دراوە، یاخود هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵیان و دەست بەسەر ماڵ و موڵك و باخ و ئۆتۆمبێلیاندا گیراوە، لەوانە:

- موراد كانی كوردەیی - لەگەڵ پاسەوانێكیدا تیرۆر كراوە و دواتریش یەكێك لە پاسەوانەكانی تری كە شاهید رووداوەكە بوون ئەویش تیرۆر كرا.

- ئاكام عومەر، فەرماندەی هێزی كۆماندۆ - تیرۆر كراوە.

- نەقیب زوهێر محەمەد یاوەری ئاكام عومەر لە هێزی كۆماندۆ تیرۆر كراوە.

- نەقیب هاوكار جاف ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایش - تیرۆر كراوە.

- بەختیار كاوانی، بەرپرسی ئیدارەی مەكتەبی سیاسیی یەكیتی لە هەولێر - هەم هەوڵی تیرۆركردنی درا و هەم هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی لە سلێمانی.

- چەتۆ حەسەن، هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی لە سلێمانی.

- فرسەت مەلەكی، تاكە شاهێدحاڵی كەیسی تیرۆركردنی موراد كانی كوردەیی كە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە دەڤەری راپەڕی تەقەی لێكرا و دواتر گیانی لەدەست دا.

- هێمن هورمز، شۆفێری تایبەتیی ئاكام عومەر، فەرماندەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ماڵەكەی خۆیدا كوژرا.

ئەم بارودۆخە لە كاتێكدا دێت كە شارەزایانی دۆخی یەكێتی ترسیان لەوە هەیە تەقینەوەیەكی گەورەتر لەنێوخۆی یەكێتی ڕوو بدات، لەمبارەیەوە ماوەیەك لەمەوبەر رێبین شەمامكی، پارێزەر و كادیری پێشووی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاشكرای كردبوو، ئەگەر لاهوور جەنگی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لیستی هەبێت و دەنگ بهێنێت، ئەوا گەورەترین تەقینەوە لەنێو یەكێتی ڕوو دەدات كە لە تەقینەوەكەی ساڵی 2009ی نەوشیروان مستەفا و دروستكردنی بزووتنەوەی گۆڕان گەورەتر دەبێت.