لەگەڵ ئەوەی نزیکەی دوو دەیە بەسەر ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە عیراق تێپەڕیوە و دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا لەماوەی ئەم دوو دەیە پاش هەر هەڵبژاردنێ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ، بەڵام دیدگا و تێڕوانینی بەغدا بەرامبەر بە گەلی كوردستان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە و تاوەکو ئێستا ڕوون نییە پرۆسەی سیاسی لە عیراق بەرەو چ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت.
ئایا سەرکردە نوێیەکان چییان کردووە لە پێناو گۆڕانکاری و بەردەوامبوون لە عیراقی نوێ و چ جیاوازییەکیان هەیە لەگەڵ سەرکردەکانی پێشووتر و بەتایبەتی لەگەڵ سەردەمی ڕژێمی پێشوو؟
ئەوەی لەم دوو دەیە ئاشکرا بوو، ئەوەیە کەوا بۆچوونی سەرانی شیعە فرەچەشن و زۆربەیان لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانی ئاشنا نین. ئەگەر چی ناسنامەی سیاسی سەرەکی لەناو ڕیزەکانی سەرجەم سەرکردەکانی شیعە دەکرێت بڵێین عیراقییە، بەڵام هەستی نەتەوەییان لاوازە و هەستی تایفەگەرایی و شیعەبوون لەناویاندا زاڵە و ئایین پاڵنەری سەرەکییە و کەمتر گرینگی بە چاکسازی کۆمەڵگە دەدرێت و مەبەستی سەرەکییان گۆڕینی ئاراستەی عیراقە بەرەو ئیسلامی بوون.
ئەگەر چی ٩٥٪ دانیشتوانی عیراق لە ڕووی ئایین موسڵمانن و دەبوو ئەو خاڵە فاکتەری یەکگرتووییان بێت، لە ڕواڵەتدا جیاوازی زۆر هەیە لە شرۆڤە و جێ بەجێکردن. ناسنامە تایفەگەری بووە بە فاکتەری جیاکاریی.
عیراق هەر لەسەرتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ١٩٢١ تاوەکو ئەم ساتە وەختە پڕ بووە لە ڕووداوی پڕ تراژیدیا و ئازاربەخش و غەمگین.
ئەو وڵاتە بە خێرایی لە پێشکەوتنێکی مرۆیی نزیك لە شارستانیەتەوە بەرەو کودەتای خوێناوی و لە دەسەڵاتێکی دیموکراتییەوە بەرەو دیکتاتۆرییەت و لە هەوڵەکانی بۆ سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری بەرەو دووبارە ژێردەستی لەلایەن زلهێزەکانەوە هەنگاوی نا، و بەو شێوەیەیە ئایندەی خۆی زیندە بە چاڵ کرد.
بەغدا ئەمڕۆ لە لایەن ئەو سەرکردە سیاسییە شیعانەوە بەڕێوەدەچێت، کە لە پێناو دەستکەوتی کەسی و ئەجیندای خۆیان کاردەکەن و بە هیچ شێوەیەك مەبەستیان نییە دەوڵەت و دامەزراوە و فیدڕالییەت دابمەزرێ.
ئەم جۆرە سیاسەتە بووە بە کەلتوورێ، کە عیراقی پاش بیست ساڵ لە حوکمڕانی شیعە و داگیرکاری بەو ئاراستەیە گەیاندووە، کە بە پێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانی عیراق ٢٥٪ دانیشتوانی، و بە دیاریکراوی ٥١٪ دانيشتوانی باشووری ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاری دەژین.
عیراق ڕۆژانە ٥٠ تا ٧٠ ملیۆن مەتر سێ جا گازی ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا هاوردە دەکات. لە کاتێکدا زیاتیر لە ١٦ ملیۆن مەتر سێ جا گازی خۆی بە فیڕۆ دەسووتێنێ، کە بە بۆچوونی شارەزایان ئەو بڕە بەسە بۆ دەستەبەرکردنی وزەی کارەبا بۆ نزیکەی ٣ ملیۆن خانووی نیشتەجێبوون.
دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری عیراق بووە بە دیاردەیەکی سیستەمی سیاسی ئێستای عیراق، نە تەنها لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکو لە ڕووی ئابوری و فەرهەنگی و سەربازییەوە.
لای خۆیانەوە هێزە دەرەکییەکان بە یارمەتی ئەو لایەنانەی کار بۆ ئەجیندای ئەوان دەکەن ستراتیژی خۆیان جێ بەچی دەکەن و کار بۆ ڕاکێشان و بەکارهێنانی پێکهاتە سەرەکییەکانی عیراق دەکەن، تا دژ بە یەك بجوڵێنەوە.
ئەمڕۆ لە عیراق چەك لە دەرەوەی یاسا بوونی هەیە و میلیشیای وەلائی گوێڕایەڵی "دەوڵەت" و دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی نییە. ئەو میلیشیانە بە ڕێژەی جیاواز کۆنترۆڵی شەقامی عیراقییان کردووە، بە تایبەتی لە بەغدا و دیالە و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق.
بێ یاسایی و نەبوونی سزادان بۆتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نادادپەروەری، بۆیە شەقام توڕەیە و سکاڵاکان زیادیان کردووە.
ئەنجامدانی تاوانی گەورە، بۆ نموونە دزی سەدە و وونکردنی هاوڵاتییان و کوشتنی بە بەرنامە و بارمتەکردن و تۆمەت خستنە پاڵ کەسان و نەبوونی دادپەروەری بووە بە دیاردەیەکی زەقی کۆمەڵگەکانی ئەو ناوچانە. ئەمڕۆ لە عیراق ١٢ ملیۆن نەخوێندەوار بوونی هەیە و حکومەتەکەی هیچ هەنگاوی ناهاوێژێ بۆ نەهێشتنی ئەو نەخۆشییە. نەبوونی ئامانجی تەندرووست بۆ پرۆسەی خوێندن کاریگەری لەسەر نەوەی ئایندە کردووە. مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی پەروەردە لەسەر بنەمای دەستێوەردانی سیاسی و گەندەڵکاری نێوان ئەو لایەنانە دامەزراوە، کە کەرتی پەروەردەیان بەدەستەوە گرتووە،.
گرفتەکان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان باڵی کێشاوە بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. ئەگەر چی ئارەزوویەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە لەسەر مانەوەی دۆخی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەو شێوە ئاڵۆز و شێواوییە، ئەوەش ڕوونە، کەوا عەقڵییەتی شۆڤینی بەرکارە بۆ سزادانی گەلی کوردستان. ڕێگریکردن لە دەرچوونی یاسای نەوت و گازو چارەسەرنەکردنی کێشەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و گرفتە داراییەکانی و بڕینی بودجەی هەرێم و کەم کردنەوەی بەشی هەرێم لە بودجە بە بەردەوامی سیاسەتگەلێکن گرێدراون بە فەرهەنگ و سیاسەتی ئەو لایەنانەی دەسەڵاتی ڕەهایان بەدەستەوەیە لە بەغدا.
هەموو ئەو هەنگاوانەی، کە تاوەکو ئێستا بەرامبەر بە گەلی کوردستان نراون، بەو مەبەستە بووە، ویستی تاكی كوردستانی خاپور بکرێت و هەرێمی كوردستان چۆك دادا و دەستبەرداری مافەکانی بێت و پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی دەرەوە بپچڕێ و ڕێگری لە ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی بکرێت.
بە دڵنییاییەوە گەلی كوردستان و سەرکردایەتی حەکیمانەی هەرێمی كوردستان زۆر لەو هۆشیارترە، بکەوێتە داوی ئەو پیلانگێڕییە. سەرکردایەتی کوردستانی خاوەند ویست و ئیرادەیەکی پۆڵایینە و بەردەوام دەبێت لە ڕێبەریکردنی گەلی کوردستان بەرەو ئازادی و کەناری ئارام.
مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان