هەولێر-KDP.info- بەرلە ٤٠ ساڵ حکوومەتی بەعس پڕۆسەی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیی جێبەجێ کرد و بەھۆیەوە زۆربەی کوردانی فەیلی لە عێراق بوونە قوربانی. مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێ، نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کوردی فەیلی ڕەگەزنامەی عێراقییان لێ وەرگیراوەتەوە و ئێستاش بەشێکیان کێشەی ناسنامەیان ھەیە.
ئیبراھیم مەندەلاوی، مامۆستای زانکۆ و کوردی فەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "فەیلی وەک پێکھاتەیەکی ڕەسەنی عێراق و نەتەوەی کورد، لە سەردەمی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا ڕووبەڕووی چەندین نەھامەتی بوونەتەوە، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا حکوومەتی ئەوکاتی عێراق دەستی بە جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی کرد، بەتایبەتی ساڵی ١٩٧٩ سەددام حوسێن بە بیانووی کۆبوونەوەوە بازرگانەکانی فەیلیی کۆ کردەوە و دواتر بە تۆمەتی ھاوکاریی شۆڕشی کورد لەنێوی بردن."
ئەو چالاکەی فەیلی گوتی: "لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٠ پڕۆسەی جیۆسایدکردنی کوردانی فەیلی زیاتر چڕ بووەوە و تێیدا نزیکەی ٦٠٠ھەزار کوردی فەیلی بەر شاڵاوی جینۆساید کەوتن و ناسنامەیان لێ وەرگیرایەوە و بەبێ ڕەگەزنامە و ناسنانەی عێراق ماونەوە."
جەواد مەلەکشاھی، کەسایەتیی دیاری فەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە دوای جینۆسایدیش لە سەردەمی ئازادیی عێراقدا ڕووبەڕووی چەندین نەھامەتی بووینەتەوە، بۆ نموونە سەردەمێک کوردانی فەیلی زۆربەی گەڕەکە ناودارەکانی بەغدایان بەدەستەوە بووە و خەڵکی ڕەسەنی ئەم شارەن، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە زۆر لاوە غەدر لە کوردانی فەیلی دەکرێت و بوونەتە قوربانیی سیاسەتی ئێستای عێراق."
مەندەلاوی دەڵێت: "ڕژێم بە شێوەیەک جینۆسایدی کوردانی فەیلیی دەکرد، ھەتا ڕێگەی نەدەدا منداڵانی کوردی فەیلی بچنە قوتابخانە و دەست بەسەر ماڵومڵکی فەیلیەکاندا گیرا، ڕاستە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ گێڕانەوەی ناسنامە هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق ئامادە نین مافە زەوتکراوەکانی کوردانی فەیلی بگەڕێنەوە."
جەواد مەلەکشاھی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو ستمەی لە کوردانی فەیلی دەکرێت بە شێوەیەکە تەنانەت کاتێک دەچینە فەرمانگەکانی ڕەگەزنامە و پاسپۆرت دەنێردرێین بۆ بەشی ھاووڵاتیانی بیانی، واتە دوای ٤٠ ساڵ لە جینۆساید و دەرچوونی یاسا بۆ گەڕانەوەی مافی کوردانی فەیلی، ھێشتا حکوومەتی عێراق نەیتوانی وەک پێویست ھاوکارمان بێت."
قائید میرۆ