یەکێتی: وەک بابەتی سۆشیال میدیا لە داخوازی رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی لە لایەن داواکاری گشتی هەرێمەوە دەڕوانین

دوایین نوێکردنەوە 2023-08-09 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ململانێ سیاسی و یاساییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە هەڵکشانن و لە دواین پەرەسەندندا ڕۆژی چوارشەممە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، دەزگا ئاسایشییەکانی سلێمانی بەوە تۆمەتبارد کرد کە بوون بە "دەزگای کەسی" و داوایکرد وەهاب هەڵەبجەیی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی ڕادەستبکرێت. ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش بە دەنگی ئەمەریکای گوت ئەوان بایەخ بە ڕاگەیێندراوەکەی داواکاری گشتی نادەن. مەجید حەمەئەمین، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تێوە گلاندنی دەزگا یاساییەکان لە ململانێی سیاسی کارێکی باش نییە، داواکاری گشتی دەبێت لەسەر زیادکردنی زەریبە و گیراوانی بادینان و سنووردارکردنی ئازادییەکان بێتە دەنگ، نەک دەستوەردان لە مەسەلەی وەهاب هەڵەبجەیی بکات، کە هێندە دۆسیەیەکی سیاسییە ئەوەندە یاسایی نییە." مەجید حەمەئەمین وتیشی، "ئەو داواکارییە بنەمای یاسایی نییە. یەکێتی وەکو داواکارییەکی ئاسایی ناو سۆشیال میدیا تەماشای دەکات، لەگەڵ رێزم بۆ داواکاری گشتی." وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی، و چەند ئەفسەرێکی ئەو دەزگایە بڕیاری دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگای هەولێرەوە بۆ دەرکراوە بەتۆمەتی کوشتنی عەقید هاوکار جاف کە ئەفسەرێکی دژە تیرۆری یەکێتی بوو لە مانگی 10ی ساڵی 2022 لە هەولێر کوژرا. یەکێتی بڕیارەکەی دادگای بە دەستێوەردانی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەڵەمداوە، بەڵام پارتی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە. ئەمڕۆ چوارشەمە 9ی هەشتی 2023، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند ڕادەستنەکردنی "داواکراوەکان" دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو "تۆمەتبارانە" پەنا بۆ کاری "قێزەون"ی دیکە بەرن و حاڵەتەکانی کوشتن و رفاندن ڕوو لە زیادبوون بکات. ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، "بەداخەوە ماوەیەکە لە سنوری دەڤەری سلێمانی بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبیی و کەسییەکان رۆژبەرۆژ ڕوو لە زیادبوونە."   بەڵام بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی دەڵێت ئەم لێدوانەی داواکاری گشتی تێوەگلانە لە ناکۆکی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی. مەجید حەمەئەمین وتی، "کادرێکی ئێمە شەهیدکراوە، کەچی خۆشمان تۆمەتبار دەکرێین؛ ئەمە بەکارهێنانی یاسایە بۆ ململانێی سیاسی و دەبێت سەرۆکی داواکاری گشتی خۆی قەبوڵ نەکات، چونکە داواکاری گشتی هەموو هەرێمە نەک تەنها هەولێر." دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە دادوەر کاوە فەتحی سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.