گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لینکی پڕکردنەوەی فۆرمی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون هیچ کێشەیەکی نییە و کار دەکات، بەڵام لۆدێکی زۆری لەسەرە، بۆیە لای بەشێکی هاونیشتمانییان ناکرێتەوە.
فۆرمێکی ئۆنلاینەوە
رۆژی سێشەممەی 8ی ئەم مانگە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان فۆرمی دابەشکردنی زیاتر لە 9000 یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەت راگەیاند، کە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فۆرمێکی ئۆنلاینەوە لە پەیجی وەزارەت دەتوانن بەگوێرەی مەرجەکان ناوەکانیان تۆمار بکەن، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان پەیوەندییان بە رووداوەوە کرد و دەڵێن، ئەو لینکەی وەزارەت بڵاویکردووەتەوە کار ناکات.
لە رێگەی ئەم بەستەرەوە ناوت تۆمار بکە.
رۆژی پێنجشەممە 10-08-2023 مەریوان حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە تاوەکو ئێستا 26 هەزار و 499 خێزان خۆیان تۆمار کردووە، لۆدێکی زۆر لەسەر ئەو لینکەیە کە بڵاومانکردووەتەوە، بۆیە بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان ناتوانن ئەو لینکە بکەنەوە و فۆرمەکان پڕبکەنەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، هاونیشتمانییان 110 رۆژیان لەبەردەمە بۆئەوەی ئەو فۆرمە پڕبکەنەوە، بۆیە دەتوانن لەسەرخۆ و بەبێ پەلەکردن و بە شێنەیی فۆرمەکە پڕبکەنەوە. پێویستە فۆرمەکەش بە وریاییەوە پڕبکەنەوە، بۆئەوەی دڵنیاشبن کە هەڵە لە پڕکردنەوەی نەکراوە دەتوانن سەردانی پەیجی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بکەن و لەوێی لە رێگەی کورتە ڤیدیۆیەکەوە هەموو زانیارییەکانی تێدایە کە هاونیشتمانی چۆن دەتوانێت فۆرمەکە پڕبکاتەوە.
هەر کەسێک بە دروستی فۆرمی پڕکردبێتەوە، ئەوە کۆدێکی بۆ دەگەڕێتەوە
بە گوتەی مەریوان حەسەن، هەر کەسێک بە دروستی فۆرمی پڕکردبێتەوە، ئەوە کۆدێکی بۆ دەگەڕێتەوە.
رۆژی سێشەممە 8ی ئابی 2023 توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو یەکانەی دەدرێنە کەمدەرامەتان هەموویان پێشتر کاریان تێدا کراوە، بەشێکیان زۆرینەی تەواو بووە و بەشێکیشی کاریان تێدا دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونیان دابەش دەکرێن."
توانا بەشیر گوتیشی، ئەو یەکانەی دابەشدەکرێن بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2013وە کاریان تێدا نەکراوە، هەندێکیشیان تەواو کراون و 600 شوقەیان لە سلێمانی لە رابردوودا دابەشکراون.