سوریا مووچە دووهێند دەکات و پشتیوانی حکومەت بۆ سووتەمەنی هەڵدەگرێت

دوایین نوێکردنەوە 2023-08-16 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا بڕیاری زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی و خانەنشینان بەڕێژەی %100 دەرکرد، لەکاتێکدا پشتیوانییەکانی حکومتی بۆ سووتەمەنی لەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا هەڵگرتووە. ئابوری سوریا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی ئەو ململانێیەی کە لە ساڵی 2011ەوە دەستیپێکرد کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە 500 هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی تر. ئەسەد لە دوو فەرماندا کە درەنگانی ڕۆژی سێشەممە دەرچووە، مووچە و خانەنشینی ئەو کەسانەی لە ئێستادا و پێشتر لە خزمەتی شارستانی و سەربازی دامەزراون، هەروەها کرێکارانی گرێبەستی دوو هێندە زیاد کردووە. پێش بڕیارەکە، مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی حکومی لە نێوان دەوروبەری 10 بۆ 25 دۆلار بووە، ئەمەش بەپێی بەهای شوێنەکان لە سوریا. هەروەها لە فەرمانەکانی سەرۆکایەتییەکەدا کەمترین مووچەی مانگانە لە کەرتی تایبەتدا بە 185 هەزار و 940 لیرەی سووری دانراوە، کە دەکاتە نزیکەی 13 دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا. لە بەیاننامەیەکی جودادا شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، وەزارەتی بازرگانی هەڵگرتنی کۆی یارمەتییەکانی بەنزین و هەڵگرتنی بەشێکی یارمەتییەکانی نەوتی سووتەمەنی ڕاگەیاند. لە ئەنجامدا نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە بۆ 8هەزار لیرە کە پێشتر خەڵکی بە 3 هەزار لیرە وەریان دەگرت،  هەروەها نەوت لە 700 لیرەوە بوو بە 2 هەزار لیرە. بەگوێرەی ماڵپەڕە نافەرمیەکانی چاودێریکردن، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی لیرەی سوریایی بە نزیکەی 14 هەزار و 300 لیرە بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمەریکایی مامەڵەی پێوەکراوە، لەکاتێکدا نرخی فەرمی 8 هەزار و 542 لیرە بووە. ئەم دراوە لە سەرەتای جەنگەوە زۆربەی بەهاکەی لەدەستداوە، ئەو کاتە بەهای دراوەکەی بەرامبەر بە دۆلارێک 47 لیرە بوو. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوە زۆربەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەرەو هێڵی هەژاری ڕۆشتوون.