هەولێر-KDP.info- فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، له روونكردنهوهیهكدا، داوا لە بەرپرسانی سایتی (بولتن نیوز) و ئەوانەی لە پشت پەردەشەوە هەڵیاندەسوڕێنن دەکات لەم بارودۆخە سەختەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە سەختی گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە بووە، بابەتەکانیان زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بێت.
دەقی روونكردەنەوەكە:
بەداخەوە ماوەیەکە سایتی (بولتن نیوز)ی ئێرانی بەردەوامە لە هۆنینەوەی درۆ و بڵاوکردنەوە بابەتی دڵرەشانە لە دژی هەرێمی کوردستان کە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە. دوا بابەتی هەڵبەستراویشیان شرۆڤەیەکە گوایا ئەمەریکا بە هاوکاری سەرۆک بارزانی و سەرکردە سوننەکان خەریکی دانانی چەند بنکەیەکی سەربازییە لە هەرێمی کوردستان وناوچە سوننیەکان .
ئێمە لە کاتێکدا سەر لەبەری ئەم راپۆرتە هەڵبەستراوە بەدرۆ دەخەینەوە ، داوا لە بەرپرسانی سایتی( بولتن نیوز ) و ئەوانەی لە پشت پەردەشەوە هەڵیاندەسورێنن دەکەین لەم بارودۆخە سەختەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە سەختی گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە بووە ، بابەتەکانیان زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بێت. عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیار دەدات و پێویستی بەوە نییە خەڵکێک لە دەرەوەی سنوورەوە بەپێی ویستی خۆی ئاراستەی بکات . بوونی ھێزی ھاوپەیمان لە عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی حکومەتی فیدرال و ھێزی ھاوپەیمانان بووە. بۆیە چەواشەکارییەکانی ئەم جۆرە سایتانەش تەنیا نیازی ئاژاوەگێری و فیتنەیان لە پشتە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/4/7