بریندارەکەی هەڵەبجە و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-08-20 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

دوای ئەوەی بریندارێکی چەکی کیمیایی بە ناوی شاهۆ حسێن قادر کە خاوەن پێداویستی تایبەتە لە 17ی مانگی حەوتی 2023 و لە ڕۆژی جیهانی دادپەروەریدا بەرەو بەغدا بەڕێکەوت بە مەبەستی بینی سەرۆک وەزیرانی عێراق و گەیاندنی داواکاریەکانی بریندارنی چەکی کیمیایی، دوای یەک مانگ و 3 ڕۆژ ڕۆژی یەکشەممە 20ی مانگی هەشتی 2023 چاوی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت بە ئامادەبوونی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا و داواکارییەکانی پێگەیاند. شاهۆ حسین قادر بریندارەکەی چەکی کیمیایی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندن" لە کۆشکی سەلام زیک کاتژمێر 12 سەرۆک وەزیرانی عێراقم بینی، پێشوازیەکی گەرمی لێ کردم، بەخێرهاتنی کردم و پێم ڕاگەیاند نا ئومێدبووم لە حکومەتی هەرێم و هاتووم داواکاری بریندارانی چەکی کیمیاییم بۆ ئێوە هێناوە، ئەمانەوێت شەهیدەکانمان لە دەستەی شەهیدانی عێراقی تۆماربکرێن وماف و ئیمتیازاتی شەهیدانی عێراقیان هەبێت و بەدەم بریندارانەوە بێن کە ئێستا لە دۆخێکی خراپدان و کار بۆ ناردنە دەرەوەیان بکەن بە مەبەستی چارەسەرکردن " سەبارەت بە هەڵەبجە بە گشتی شاهۆ ڕایگەیاند "داوام لە سەرۆک وەزیران کرد ڕێکارە ئیدارییەکانی هەڵەبجە وەک 19 هەمین پارێزگای عێراق تەواو بکات و مەرزی سازانیش لە هەڵەبجە بکرێتەوە، بەڵێنی دا کە کار لەسەر داواکاریەکانمان بکات و بە دەم کێشەی بریندارانەوە بێت ." شاهۆ حسێن لە ڕێگەی فرکسیۆنی نەوەی نوێ وە توانیوویەتی لەم ماوەیەدا چاوی بە هەریەک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران بکەوێت و لە ڕێگەشەوە گەشتووە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق . ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە یەکەم ڕۆژی هاتنیەوە تا ئێستا وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە دەم کاکە شاهۆوە بووین، ئەمڕۆ لە ڕێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەوە سەردانی محەمەد شیاع سودانی کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا داواکاریەکانی گەیاندووە بە سەرۆک وەزیران عێراق و نەوەی نوێش جەختی لە تەواوی داوکاریەکانی کردووەتەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا خۆمان بە دواداچوونمان بۆ پرسی بریندارانی چەکی کیمیایی کردووە". ئاریان تاوەگۆزی ڕایگەیاند " سەرۆک وەزیران بڕیاری داوە لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە سەردانی هەڵەبجە بکەن و ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی بریندارانی چەکی کیمیایی بکەن، ئەوانەی پێویستیان بە دەرمانە سەردانی بەغدا دەکەن، لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجەش مەلەفی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە سوپاسی سودانی کراوە و داواکراوە تەواو بکرێت، مەرزی سازان وەک مەرزێکی سنوری بۆ کردنەوەی هەڵەبجە بکرێتەوە ئەوەش بەڵێنی سەرۆک وەزیران بووە لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بریندارەکەی هەڵەبجە دراوە". لە کۆتایی دیدارەکەی محەمەد شیاع سودانی بڕیاری داوە هەزار سەبەتەی خۆراک وەک دیاری بداتە شاهۆ حسێن قادر تا بیاتەوە بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی و پێی ڕاگەیاندووە چاوەڕوانی هاتنی وەفدێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق بن تا بەدواداچوونی ورد بۆ کەیسی بریندارانی چەکی کیمیایی بکات .