سۆران-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی سۆران رایدەگەیەنێت، تیمەكانی تەندروستی بەردەوامن لە پشكنینی ھاووڵاتیان، ھەر كەسێكیش بەركەوتەی لەگەڵ تووشبووەكانی سنووری دەڤەری سۆران و شارۆچكەی سیدەكان و ناحیەی خەلیفان ھەبووبێت، پشكنینی بۆ دەكرێت. دڵنیاییش دەدات، كە رەوشەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە.
مینا تەھا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "جێگای دڵخۆشییە ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینی 182 ھاووڵاتی دەرچوو و ھەموویان نێگەتیڤ بوون، كە 50 پشكنین لە گوندی سمخەیلان و 132 لە ناو شاری سۆران لە گەڕەكی ھەندرێن ئەنجام دراون و ئەو ھاووڵاتیانەی لە دەرەوەی وڵاتیش گەڕاونەتەوە، پشكنینان بۆ كراوە، كە سەرجەمی ئەم هاووڵاتیانە ھیچ گومانێكی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆڕۆنایان لەسەر نەبوو."
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی سۆران ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەمڕۆش پشكنین بۆ ژمارەیەك ھاووڵاتیی دیكە ئەنجام دەدەین و سبەینێ دەرئەنجامەكان دەردەچن."
ناوبراو دەشڵێت: "دڵنیایی دەدەینە ھاووڵاتیان، كە رەوشی تەندروستی لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، تەنھا پێویستە ھاونیشتیمانیان رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ جێبەجێ بكەن و لە ماڵەوە بمێننەوە."
سەبارەت بە دۆخی كەرەنتینەكردنی شارۆچكەی خەلیفان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "نزیكەی 500پشكنین بۆ ھاووڵاتیان كراوە و دەرئەنجامی ھەمووان نێگەتیڤ بووە، رۆژ لە دوای رۆژیش رەوشی ئەم دەڤەرە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات، لە چەندی رۆژی داھاتووشدا كەرەنتینەكردن تەواو دەبێت".
سیروان سابیر