ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکەی سوریا دەکات دەڵێت کۆمەڵە چەکدارێک هێرشییان کردووەتە سەر شوێنێکی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا و بەهۆیەوە زیاتر لە 30 سەرباز کوژراون و بریندار بوون. هێرشەکە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا چەندین هێرشی ئاسمانییان دژی دوایین شوێنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدا لە پارێزگای ئیدلبی باکووری ڕۆژئاوای سوریا و چەند بەشێکی شاری حەلەب و چەندین چەکدار کوژران. ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە وتی گروپی ئەنساڕولتەوحید کە هاوپەیمانی ئەل قاعیدەیە، هێرشەکەی ئەنجامداوە، سەرەتا ئەندامەکانی بۆمبێکی گەورەیان تەقاندووەتەوە و دواتر هێرشییان کردووەتە سەر شوێنێک کە سەربازانی حکومەتی لێبووە. وتیشی بەهۆی هێرشەکەوە 11 سەرباز کوژراون و 20 سەربازیی دیکە بریندار بوون. سەرچاوە/ AP