چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یاخیبووان لە سوریا دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2023-08-27 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە سەردانێکی دەگمەنیان بۆ خاکی ژێردەستی یاخیبووان لە باکووری سوریا ئەنجامداوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی لایەنەکانی سەر بە تورکیادایە. پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس لە ناوچەکە ئەم هەواڵەی ڕاگەیاندووە. ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت شاندی دوو حزبی پێکهاتووە لە جۆو ویلسۆن، ڤیکتۆریا سپارتز و دین فیلیپس لە تورکیاوە لە دەروازەی سنووری باب ئەلسەلاماوە چوونەتە ناو سوریا، لەوێ بە دروشمی کە لەسەری نووسرابوو "بەخێر بێیت بۆ سوریای ئازاد" و ئاڵای شۆڕشگێڕانە پێشوازییان لێکرا. شاندەکە سەردانی نەخۆشخانەیەکی شاری عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبیان کرد و چاویان بە منداڵانی بێ باوکی شەڕی ناوخۆی سوریا کەوت کە لە ساڵی 2011ەوە تا ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. یاسر ئەلحاجی، وتەبێژی حکومەتی کاتیی کە تورکیا پاڵپشتی دەکات، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "ئامانجی سەردانەکە بینینی واقیعی ناوچە ئازادکراوەکانە". بەڵام ئەندامێکی تیمی پاسەوانەکانیان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بەهۆی هۆکاری ئەمنیەوە ناچاربوون سەردانەکەی شاندەکە کورت بکەنەوە. گرووپی جیهادی هەیئەت ئەحرارئەلشام (HTS) بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریای کۆنترۆڵ کردووە، کە بەشێکی بەرچاوی پارێزگای ئیدلب و هەروەها ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی حەلەب، حەما و لازقییە لەخۆدەگرێت. لایەنە یاخیبووەکانی دیکەی کە تورکیا  پاڵپشتییان دەکات، تا ئەندازەیەک چەند بەشێکی باکووری سوریایان کۆنترۆڵ کردووە. ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، دەڵێت "بۆ ئەوەی مشتومڕ لە ئەمەریکا دروست نەکات، دواجار بەرەو ئەوان بەرەو ناوچەکانی جندرێس لەو ناوچانەی کە لەلایەن  HTS کۆنترۆڵکرابوون، نەچوونە پێشەوە". گروپی HTS کە لەلایەن  قاعیدی سوریاوە سەرکردایەتی دەکرێت، لەلایەن واشنتۆنەوە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناوزەدکراوە. ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە پشت بە تۆڕێکی ناوخۆیی دەبەستێت، گوتیشی " ئەندامانی کۆنگرێس ویستوویانە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی حکومەتی کاتیی بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە ڕێگەی باب ئەلسەلامەوە لەبری باب ئەلهەوا، کە لەلایەن HTS کۆنترۆڵ دەکرێت." بەپێی ڕێککەوتنێکی ساڵی 2014، زۆربەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لەوانە خۆراک و ئاو و دەرمان لە تورکیاوە لە ڕێگەی دەروازەی باب حەوا بەبێ مۆڵەتی دیمەشق هاتوونەتە ژوورەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو نەیتوانی لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بگەنە کۆدەنگی لەسەر درێژکردنەوەی میکانیزمەکە، بەڵام دواتر ڕایگەیاند کە گەیاندنی هاوکارییەکان لە ڕێگەی باب ئەلهەوا دەست پێدەکاتەوە. ئەندامی کۆنگرێس ویڵسن ڕۆژی هەینی پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئەم مانگەی دژ بە حکومەت دەربڕیبوو کە سەرانسەری باشووری سوریای گرتووەتەوە. لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس کە پێشتر تویتەر بوو، ئەو ئەندامەی کۆنگرێس ، بڵاویکردووەتەوە، ناڕەزایەتییەکان دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، " ئەوە نیشاندەدات کە سوریا هیچ داهاتوویەکی نییە و هەرگیز لە سەردەمی ئەسەددا سەقامگیر نابێت". ناڕەزایەتییەکان لە باشوور لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی حکومەت کۆتایی بە یارمەتییەکانی سووتەمەنی هێنا، ئەمەش گورزێکی قورسی لە سوریا داوە کە لە ئێستاوە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕ و قەیرانی ئابوورییەوە دەلەرزن.