ئابووریناسێک: هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی خۆراک مامەڵەیەکی تەندروست دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

دهۆک-KDP.info - هەرێمی کوردستان لەم پەتایە بێبەش نەبوو، بەڵام حکوومەتی هەرێم هەموو ڕێکارە ئەمنی و تەندروستییەکانی گرتووەتە بەر، لەو بارەیەشەوە ئابووریناسێک، پێی وایە، لە هەریمی کوردستان تا ئیستا ئەو قەیرانە سەری هەڵنەداوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە کوردستان ژینگەیەکی لەبار هەیە، ئەویش سروشتیکی باشمان هەیە.

مێژووی چەرخی نوێ و کۆن پڕ بووە لە قەیران و کێشە و پەتا، ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنابێت زیانی مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون.

کۆرۆنا یەکێک بوو لەو پەتایانەی هەرە کاریگەرە، چونکە زۆربەی وڵاتانی دنیای داگرت و زۆربەی کارە دەستییەکانی لەکار خستن.

ئەوەی بووەتە جێگایی باس و نیقاش لە سەردەمی کۆرۆنا "برسێتی" بوو، ترسی زۆربەی وڵاتان بڵاوبوونەوەی برسێتی بوو، ئەویش بەهۆی کەمیی داهات و زۆریی خەرجی.

پەتایی کۆرۆنا بەرۆکی جیهانی گرت، وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و وڵاتە هەژارەکان بێبەش نەبوون لەو پەتایە، بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و نەبوونی سیستم بووەتە هەڕەشە و لیدان لە ئابووری و جومگەی داراییی وڵاتان.

ئەوەی جیگای باس و خەبەرە ئاخۆ ئاسایشی خۆراک دەبێتە جێگای مەترسی و هەڕەشەی نەمانی لەسەر دەبێ.

جیهان چی دەڵێ؟

ئەوەی ئێستا بووەتە باس، وەستانی کارگە و کارخانەی گەورەی پێشەسازی و کشتۆکاڵییە، بەگوتەی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی مانگی ٢ـی ساڵی ٢٠١٩دا، ٨٢٠ ملیۆن کەس بە دروستی خۆراکیان پێ ناگات و ئەمە بەپێی بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٨ کە ٨١١ ملیۆن کەس بوون، ژمارەکە ڕوو لە زیادبوونددایە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە زۆربەی وڵاتانی دنیا، بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان کەم و مامناوەندە، بە شێوەیەکی ڕێکخراو خۆراک بەدەست ناهێنن.

بابەتەکە هەر ئەوە نییە، بگرە ڕێوشوێنی توندی وڵاتان بەهۆی نەبوونی سیستم و ژیرخانی تەندروستییەوە کاریگەریی خستووەتە سەر ئاشایشی خۆراک، چونکە بە هەزاران دەستی کار لە ماڵەوەن و هاتوچۆ قەدەغە کراوە.

ڕیکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە ١٨ی مانگی ئادار بڵاو کرایەوە، ٢٥ ملیۆن کارمەند لە سەرتاسەری جیهان لە هەڕەشەی نەماندان، ئەمەش دەبیتە هۆی ئەوەی بێکاری و هەژاری دروست بێت.

تۆماس ماڵتۆن، لێکۆلەری دانیشتووان و شارەزای ئابووری، لەبارەی خۆراک و زۆربوونی دانیشتووانەوە دەڵێت: زۆربوونی دانیشتووان و داواکاری لەسەر خۆراک هاوکێشەیەکی پێکەوە بەستراوەیە و ململانێیان لە نێواندا هەیە.

مامەڵەی سەردەمیانە

هەرێمی کوردستان لەم پەتایە بێبەش نەبوو، بەڵام حکوومەتی هەرێم هەموو ڕێکارە ئەمنی و تەندروستییەکانی گرتووەتە بەر، لەو بارەیەشەوە ئابووریناسێک، پێی وایە، لە هەریمی کوردستان تا ئیستا ئەو قەیرانە سەری هەڵنەداوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە کوردستان ژینگەیەکی لەبار هەیە، ئەویش سروشتیکی باشمان هەیە.

هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەو سیستمەی هەیەتی کاری بۆ دابینکردنی خۆراک کردووە.

کاوە عەبدولعەزیز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "جووڵەی بازرگانی بەردەوامە، تەنیا ستراتیژیی کارکردن و دەستی کار ماوە، کە ئەوانەش لە کوردستان هەن."

حکومەتی هەرێم کاتی دابینکردنی ژەمی خۆراک و کڕینی شتومەک و گەیاندنی مووچە و خۆراکی دیلیڤەریی ڕێک خستووە بۆ ئەوەی ئەم پەتایە تەشەنە نەکات.

گوتیشی: "دەبی لەمەودواش هەرێمی کوردستان پشت بە یەک داهات نەبەستێت و کار بۆ کشتوکاڵ بکات و گرنگی بەو بەرهەمانە بدات.

وەزیری بازرگانی و پێشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتبوو، ئەوان چاودێریی بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی لەم کاتەدا بەهای کەلوپەل گران نەبێت و قورخکاری لە بازاڕ دروست نەبێت.

سەرۆکی حکوومەت لە ڕێگەی ئیدارەی پاریزگاکانەوە ژووری ئۆپەراسیۆنی پێک هیناوە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی خەڵک.

 

کاروان باعەدری