هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/8 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرد ، دوای ئەوەی پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراو و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستانیش بڵاوکرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی میکانیزم و چوارچێوەی یاسایی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا.
سەرۆکی حکومەت بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە جەختی لەوە کردووە کە ئەنجامدانی چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانجیش لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و شایستەبوونە و دەبێ هەموو بوار و سێکتەرەکانیش بگرێتەوە، دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی یاسایی مووچەخۆرانی ڕاستەقینە و شایستە ئامانجی سەرەکیمانە.
دوای ئەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان راپۆرتی تایبەتیان سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو. لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد، و گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت ڕاسپێردران بە پێکهێنانی لیژنە لاوەکیەکان و دەستبەکاربوونیان لە زووترین کاتدا لە چوارچێوەی ماددە و بڕگەکانی یاسای چاکسازیی.