سەدان کەس لە باشووری سوریا خۆپیشاندانییان ئەنجامدا و داوایان لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کرد دەست لە کاربکێشێتەوە، ئەمەش دوای دوو هەفتە لە خۆپیشاندانەکان کە بەهۆی خراپی گوزەرانی هاووڵاتییانەوە سەریهەڵدا و لە ئێستادا جارێکی دیکە داوای گۆڕانکاری سیاسیی دەکرێتەوە. خەڵکێکی زۆر لە شاری سوێدای باشووری سوریا هاوارییان دەکرد " بەشار بۆ دەرەوە، سوریای ئازاد. سوریا کێڵگە نیە، ئێمە مەڕوماڵات نین." سوریا لە قەیرانێکی ئابووری سەختدایە و نرخی دراوەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر دۆلار دابەزیوە. هەروەها لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا پشتیوانی لەم ناڕەزایەتیانە لەسەر ئاستی جەماوەری و فەرمی ڕاگەیەندراوە. ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات کە نوێنەرایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، پشتیوانی خۆی بۆ داخوازییەکانی خەڵکی سوێدا دەربڕیوە کە زۆرینەیان لە پێکهاتەی دۆرزییەکانن. لە میانەی ناڕەزایەتییەکاندا چەندین لافیتە و دروشم بە زمانی کوردی بەرزکرانەوە، وەک "بەرخۆدان ژیانە" کە دروشمێکی بەناوبانگی کوردییە و بە عەرەبی نووسرابوون. جگە لەوەش دروشمی "سڵاو لە سوێداوە بۆ عەفرینی داگیرکراو" دروشمێکی دیکەی خۆپیشاندانەکان بووە. لە لایەکی تریشەوە بوونی ژنان لە خۆپیشاندانەکاندا جێگای سەرنجە. ژنانی دورزی بە ژمارەیەکی زۆر بەشداری ناڕەزایەتییەکان دەکەن. ژنە چالاکوانانی ناوخۆی سوریا دەڵێن، ئەزموونی ژنانی کورد لە سووریا کاریگەری خستوەتە لەسەر بزووتنەوەی ژنانی دورزی لە سوێدا. لە مانگی هەشتدا خۆپیشاندانەکان لە سوێدا بەهۆی لابردنی یارمەتییەکانی بەنزینەوە سەریانهەڵدا، بە درێژایی جەنگەکەی ناو سوریا سوێدا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سوریادا مایەوە و توندوتیژییەکانیش تێیدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر بوون بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی سوریادا. ڕەخنەگرتن بە ئاشکرا لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا شتێکی دەگمەنە، بەڵام لە کاتێکدا کە بارودۆخی ئابووری وڵاتەکە خراپتر دەبێت، ناڕەزاییەکانی خەڵکەکە زیاتر بوون و هاووڵاتیان بە ئاشکرا ناڕەزایی دەردەبڕن. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز