سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراقدا تاوتوێی دۆخی کەرکوک دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2023-09-03 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا تاوتوێی دۆخی ئاسایشی کەرکوکییان کرد. لە ماوەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا نێچیرڤان بارزانی و سودانی جەختییان لە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا کردووەتەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کەرکوک و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی پێکەوە ژیان و ئاسایشی شارەکە و هاووڵاتیانی. هاوکات هەردوولا ئاماژەیان بەوە داوە دەبێت لایەنە ئاسایشییەکانی شارەکە بەبێ جیاوازی ئارامی و سەقامگیری سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک بپارێزن و ڕێگری لە کەوتنەوەی پشێوی و ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئاسایشی شارەکە بکەن. هەروەها داوایان کردووە لێپێچینەوە بەرامبەر تەقەکەران بکرێت. جێی ئاماژەیە ئێوارەی ڕۆژی شەممە بەشێک لە کوردەکانی کەرکوک خۆپیشاندانییان ئەنجامدا دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک و هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و هێزە تورکمانی و عەرەبییەکانەوە و دواتر گرژی دروستبوو، کە بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 3 کەس گیانییان لە دەستداوە و 14 کەسی دیکە بریندار بوون. سەرچاوە/ ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان