هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی کورد، ڕۆژی دووشەممە ڕەوانەی پارێزگای دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کران، لەکاتێکدا چەند ڕۆژێکە شەڕو پێکدادان لە ناوچەکە لەگەڵ چەکدارە عەرەبەکانی سەر بە بەرپرسێکی خۆجێیی دەستبەسەرکراوەدا بەرپابووە. دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ئەحمەد ئەلخەبیل سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزووریان لە 27ی مانگی هەشتدا دەستبەسەرکرد، شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە سەریهەڵدا. مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە تویتێکدا دەڵێت "بە هاوکاری لەگەڵ خەڵکەکەمان لە دێرەزوور، ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێنینەوە." قسەکانی عەبدی لە کاتێکدایە توندوتیژییەکان چەندین شارۆچکە و گوندی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە پارێزگای دێرەزوور گرتووەتەوە و لە ئەنجامدا 71 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان چەکدارن بەڵام 9 هاووڵاتی مەدەنیشیان تێدابوو. فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هێزەکانی لە هەوڵی "یەکلاییکردنەوەی" دۆخەکەدان لە زیبان، کە دوا شارۆچکەیە کە چەکدارانی دڵسۆزی خەبیل تێیدا کۆبونەتەوە. شامی ڕایگەیاند "داوامان لە هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە دەربچن"، ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە بەرەو "چارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان" دەڕوات"، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوندەکانی دیکەی کە پێکدادان تێیاندا ڕوویداوە گەڕان و پشکنینیان تێدا ئەنجام دراوە. پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس لە ناوچەکە، شەڕڤانانی کورد و عەرەبی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بینیوە کە بە بارهەڵگرەوە بەرەو زیبان ڕۆشتوون. پارێزگای دێرەزوور کە زۆرینەی عەرەبە و ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان و هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، بە ڕووباری فورات بووەتە دووبەشەوە و دەیان پێکهاتەی خێڵەکی ناوخۆیی تێدایە، کە بەشێک لە چەکدارەکانیان لە شەڕی دژ بە داعشدا چوونە نێو هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە. کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی فورات و هێزەکانی حکومەتی سوریا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەکرێگیراوەکانی لە ڕۆژئاوادا دابەشبووە. ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکەی سوریا دەکات، ڕایگەیاندووە، دەیان چەکدار کە شوێن شێخێکی هۆزێکی دیار کەوتوون، هێشتا لە زیبان جێگیرن، ئاماژەی بەوەشکردووە، دانیشتووانی ناوچەکە هەڵدێن. ئەو ڕوانگەیەی کە بنکەکەی لە بەریتانیایە و تۆڕێکی فراوانی سەرچاوەکانی لە ناوخۆی سوریادا هەیە، دەشڵێت، هۆزە عەرەبەکان دابەشبوون. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هەر ناکۆکییەکی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، پێکدادانەکان زیاتر "توخمەکانی ڕژێم و هەندێک لە سودمەندانی" خەبیلیان تێدابووە، کە ئەوان بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا تۆمەتباریان دەکەن. داوای لە دانیشتوانی ناوچەکە کردووە "نەکەونە نێو ئەو ململانێیەوە". بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕێگەی ئەنجومەنە مەدەنی و سەربازییە خۆجێهییەکانەوە ناوچەکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵ دەکات لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە ناڕازیبوونی عەرەبەکان. لە باکوری سوریا ڕۆژی دووشەممە، چەکدارانی سەر بە تورکیا کە دەیانگوت لە عەشیرەتە عەرەبییەکانن، هێرشیان کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بۆ پشتیوانی لە چەکدارە ناوخۆییەکان لە دێرەزوور. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کاربەدەستانی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکان بە ڕابەرایەتی کورد و سەرۆک خێڵەکان کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێویستی توندوتیژییەکان چەند ڕۆژێک پاش توندوتیژی کوشندە لە ناوچەکەدا. باڵێۆزخانەی ئەمەریکا کە بنکەی لە دەرەوەی سوریایە ڕایگەیاند ئیتن گۆڵدریچ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک و ژەنەڕاڵ جۆڵ ڤاوێڵ، فەرماندەی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی کورد و سەرکردەکانی هۆزەکان لە دێرەزوور کۆبونەوە. بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە فرانس پرێس وەرگیراوە.