17 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ئەمریکا کۆتایی هاتنی رژێمی بەعسی راگەیاند

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 9-4-2020، 17ـەمین ساڵیادی رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقە، کە هەزاران تاوانی دژە مرۆڤایەتی و جەنگی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دا.

ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی عێراق لە رژێمی بەعس، لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رۆژی 20.3.2003 دەستی پێکرد.

ئەمریکا بۆ شەڕی رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لەگەڵ 49 وڵات هاوپەیمانییەکی دروست کرد، بەڵام سەدا 98ـی هێزەکانی هاوپەیمانییەکە لە هێزی ئەمریکی و بەریتانی پێکدەهات.

ژمارەی گشتیی سەربازانی هاوپەیمانان بریتی بوو لە 300 هەزار و 884 سەرباز، 250 هەزار سەربازی ئەمریکی و 45 هەزار سەربازی بەریتانی و سێ هه‌زار و 500 سەربازی کۆریای باشوور و دوو هەزار سه‌بازی‌ ئوسترالی و 200 سه‌ربازی‌ دانیمارکی و  184 سه‌ربازی‌ پۆڵەندی، هەروەها 10 وڵاتی تر بە ژمارەیەکی کەمی سەرباز بەشدارییان کرد.

رژێمی بەعسی عێراق، کە سەدام حوسێن سەرۆکایەتیی دەکرد، لە ساڵی 1968ـەوە بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە تاوەکو ساڵی 2003 حوکمڕانیی عێراقی کرد.

هێزەکانی هاوپەیمانان لە رۆژی 20-3-2003ـەوە لە باشووری عێراقەوە بەرەو شاری بەغدا پێشڕەوییان کرد و لەماوەی چەند رۆژێکدا، زۆربەی شارەکانی باشووری عێراق رزگار کرانەوە.

رۆژی 3.4.2003، هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری بەغدا کرد و لە رۆژی 9.4.2003 شارەکەیان رزگار کرد و پەیکەری سەدام حوسێن‌یان لە گۆڕەپانی فیردەوس لە بەغدا، شکاند و هێنایە خوارەوە و ئەمریکا کۆتایی هاتنی رژێمی بەعسی راگەیاند.

رۆژێک دواتر، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە پشتیوانیی هاوپەیمانان، شاری کەرکووک‌یان رزگار کرد و کۆتاییان بە داگیرکاریی بەعس لەو شارەی کوردستان هێنا.

لە ماوەی نێوان 20-3-2003 تاوەکو 1-5-2003، هاوپەیمانان، کە پێشمەرگە بەشێک بوو لە هێزەکانی، هەموو خاکی عێراقیان رزگار کردەوە و کۆتاییان بە زەبروزەنگی رژێمی بەعس هێنا.

بەعس، کە لە ساڵی 1968 تاوەکو 1991 حوکمڕانیی کوردستانی کرد، سیاسەتی سوتماککردنی کوردستانی پەیڕەو کرد و وێڕای ئەنفالکردنی 182 هەزار هاووڵاتیی کورد، ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی، شەهیدکردنی پێنج هەزار هاووڵاتیی هەڵەبجە بە گازی کیمیاوی، نزیکەی پێنج هەزار گوندی باشووری کوردستانیشی وێران کرد.

دوای خۆشاردنەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک، رۆژی 6.12.2003، سەدام حوسێن‌ی سەرۆکی رژێمی بەعس لە چاڵێکدا لە باخچەیەکی سنووری شاری تکریت دەستگیر کرا و دوای دادگایی کردنی، لە رۆژی 5.11.2006 دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

سەدام حوسێن لە رۆژی 30.12.2006 لە شاری بەغدا لە سێدارە درا.