خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، داعش لە سنووری خانەقین لە سێ شوێنی سەرەكی هەن و چەكدارەكانیش بە رۆژ حەشد و بە شەو داعشن، خەڵكیش بە لێشاو رادەكات و ئەگەر وا بروات خانەقین لە كورد چۆڵ دەبێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەو چەكدارانەی داعش كە هێرش دەكەن، بە رۆژ حەشدی شەعبین و بە شەو داعشن و شەوانە دێن بۆ سەر مۆڵگەكانی پێشمەرگە و بە قەنناس لە پێشمەرگە دەدەن و شەهیدیان دەكەن، ئەو ناوچانەش چۆڵن و داعش بە ئارەزووی خۆی جموجۆڵ دەكات و كە دەبێتە شەو، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەچنە ناو رەبایەكانی خۆیان و هیچ كاردانەوەیكیان نابێت.
بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "كورد بە لێشاو رادەكات لە ترسی حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعش و خەریكە خانەقین لە كورد چۆڵ دەكرێت، چونكە لە مەترسییەكی گەورەدان، لەبەر ئەوەی ئەو شەڕەی ئێستا دەكرێت بۆ سەر پێشمەرگە لە خانەقین، ناوچەكە خاكی كوردستانە و سەر بە كەلارە، بۆیە دۆخەكە زۆر مەترسیدارە".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا روونیشی كردەوە، داعش لە سێ شوێنی سەرەكین، كە لە نەفتخانە و بەرزاییەكان و لە حەوزی حەمرین لە سەعدیە تا بەعقوبە و لە جەلەولا تا قەرەتەپە و جەبارە بە ئاشكرا بوونیان هەیە.
بڵند ئیبراهیم