هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ حەڤدە ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئازادی عێراق و لەناوچوونی رژێمی بەعس تێدەپەڕێت، چاودێرانیش پێیانوایە، عێراقی دوای بەعس بە سەردەمی دیکتاتۆریەت بەراورد ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق نەیتوانیوە دوای حەڤدە ساڵ راستەڕێ ببێت.
لە رۆژی ٩ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا ھێرشیانکردە سەر عێراق و لەماوەیەکی کەمدا توانیان رژێمی دیکتاتۆری بەعس لەناو ببەن، کوردیش وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ئەوکاتی عێراق بەشداربوو لە پڕۆسەی ئازادی عێراق.
دکتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی کارێکی باشیانکرد لەوەی رژێمی (سەدام حوسێن)یان ڕووخاند، بەڵام دوای ئەوەی عێراق لە چنگ رژێمی بەعس ئازادکرا ئەمریکا پلانێکی ئەوتۆی نەبوو و کێشەی زۆریش لە عێراق روویدا دوای نەمانی رژێم، لەوانەش ئەمریکا بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھێنا بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە داگیرکەرین و حوکمی عێراق بکەن.
هاوکات ئاسۆ کەریم، شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە، "کەوتنی رژێمی بەعس بەمانای لەکۆڵبونەوەی دڕەندەترین رژێمی جیھانە، بەتایبەتی ھیچ تاوانێکی نێودەوڵەتی نەمابوو رژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد نەیکات، ھەتا دیکتاتۆرێک لە کۆڵ ناوچەکەش بۆوە، لەناوچوونی رژێمی بەعس پەیامێکە بۆ رژێمەکانی دیکەش لە جیھان، کە ھیچ رژێمێک و دیکتاتۆرێک تا سەر نامێنێتەوە.
دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق سەرۆک بارزانی بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەغدای پایتەختی عێراق مایەوە و پێداگیری لەسەر چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد و پێکھاتەکانی کوردستان و عێراق کرد لەنێو دەستووری عێراقدا، دوای جێگیرکردنی مافەکانی کورد و پێکھاتەکانیش، دواتر بە دەنگی زۆرینەی خەڵکی عێراق دەستوور پەسەندکرا، رۆڵێکی دیکەی سەرۆک بارزانی لە بەغدا لێک نزیکردنەوەی ھێز و لایەنە عێراقیەکان بوو، لەدوای پڕۆسەی ئازادی و ھەرکات ئاستەنگ و ناکۆکی کەوتبوایە نێوانیان ئەوە پەنایان بۆ سەرۆک بارزانی دەھێنا و لەو رووەوە سەرۆک بارزانی توانی ببێتە عاملی خێر بۆ گەلانی عێراق.
کەریم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "یەکێک لە دەستکەوتەکانی لەناوچوونی ڕژێم دەستووری ھەمیشەیی عێراقە، کە بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی عێراق تێیدا جێگەیان کراوەتەوە و ددانی بەوەدانا عێراق چیدی دەوڵەتێکی سادەنیە، بەپێچەوانەوە دەوڵەتێکی فیدڕاڵیە و ھەرێمی کوردستان بوە خاوەن رەوشێکی یاسایی و دەستووری و سیاسی.
مەحموود عوسمان، کە ھاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم بوو لە عێراق دەشڵێت، "ئەوانەی دوای سەدام حوسێن جڵەوی دەسەڵاتیان گرتەدەست ئەوانە ئیسپاتی ئەوەیانکرد پیاوی دەسەڵاتداری نین، ئەوەش بووە ھۆکار دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانی عێراقێک دوای رژێم بنیات بنێن بەپێی خواستی گەلەکەی بێت، یانیش روونتر بڵێم عێراقیەکان نەیانتوانی ئاشتەوایەکی نیشتیمانی بکەن، وەک ئەوەی کورد لەدوای راپەڕین کردی بۆئاشتەوایی.
د. مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "کورد ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە عێراقی نوێدا، کاک مەسعوود و مام جەلال چوونە بەغدا و پێگەی بەھێزیان ھەبوو ھەموو ھەوڵێکیان ئەوەبوو عێراقێک دروست ببێت رەنگدانەوەی ھەموو پێک ھاتەکان بێت.
ئاسۆ کەریم ئاشکرایکرد" بەلانی کەمەوە دەستکەوتی کورد ئەوەبووە چیدی عێراق بە تەنیا عەرەبی نییە، بەڵکۆ وڵاتی کورد و عەرەب و پێک ھاتەی دیکەشە، ئێمە زۆر مافمان تا ئێستا ماون لە عێراق گلەیی زۆریشمان ھەیە لە جێبەجێنەکرنی دەستوور و ماف و شایستەی پێشمەرگە و ھتد..، بەڵام عێراقی دوای پڕۆسەی ئازادی قەت بەراورد ناکرێت بەسەردەمی پێشووی دیکتاتۆریەت.
قائید میرۆ