شێخ جەعفەر: سەردانەکەم لەسەر راسپاردەی جەنابی نێچیرڤان بارزانی بووە

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

کوڵەجۆ-KDP.info- جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە کوڵەجۆی گەرمیان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق نییە. دەشڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هەوڵیداوە، بەڵام عێراقییەکان نەهاتوونەتە پێشەوە.

جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە دەڵێت، سەردانەکەی لەسەر راسپاردەی جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و بۆ ئەوە بووە لە نزیکەوە هەم لە پێداویستی و کەموکوڕییەکانی پێشمەرگە بکۆڵێتەوە و هەمیش سەرەخۆشی بە خانەوادە و کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان بگەیێنێت.

شەوی 7-4-2020 داعش لە کوڵەجۆ هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون.

لەبارەی بوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا رایگەیاند، "هیچ هاوئاهەنگییەک نییە، تاوەکو ئێستا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە زۆر هەوڵدراوە بۆ ئەوەی هێزی هاوبەش و لیژنەی هاوئاهەنگی و ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان دروست بکەین، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا عێراقییەکان نەهاتوونەتە پێشەوە بۆ دروستکردنی ئەو هێزە هاوبەشە".