ههولێر -KDP.info- ئەمڕۆ، مستەفا کازمی، بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ڕاسپێردرا و ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتیش دەڵێ، کازمی کەسێکی گونجاوە بۆ قۆناغی ئێستای عێراق و ئاشکرای کرد، کازمی پەیوەندیی زۆر پتەوی لەگەل سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە.
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی، عێراق بە تەنگژەیەکی گەورەدا تێدەپەڕێت و ڕەوشی عێراق زیاتر بەرگەی ئاڵۆزییەکان ناگرێت و پێویستە چارەسەرێک بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق ببیننەوە، لەو چوارچێوەیەدا پێم وایە چەندین ناو پێشتر ھاتن بۆ ئەوەی ڕابسپێردرێن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بەڵام مستەفا کازمی لە ھەموویان گونجاوترە.
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "مستەفا کازمی پێشتر ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە عێراق و کەسایەتییەکی ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووسێکی خاوەنئەزموونە و پەیوەندیی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھەتا لەبیرمە کاتێک عەبادی ویستی ھەندێ کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێتەوە، کازمی زۆر ھەوڵی دا ئاستەنگ بۆ ھەرێمی کوردستان دروست نەکرێن و بۆچوونی باشی ھەبوو."
لەبارەی پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ مستەفا کازمی، عارف ڕوشدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستییەک ھەیە و پێویستە بگوترێت، سەرۆک بارزانی ژمارەیەکی گەورەیە لە عێراق و ناوچەکە، پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ ھەر کەسێک کە ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق گرینگە، ھەروەھا ئەوکەسەی دەبێتە سەرۆکوەزیری عێراق، پێویستی بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی ھەیە، ھیچ نەبێت بۆ ئەوەی باڵانس لە نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت."
قائید میرۆ
Attachments area