عەمید دلێر: دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و پێویستە هەموومان پابەندی بڕیار و رێنماییەكان بین

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- لە دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە قەدەغەكردنی هاتوچۆ، سەرجەم هۆبە و بەشەكانی پۆلیسی هەولێر لە ئامادەباشیدان. بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش ڕایدەگەیەنێت: "لە پێناو پاراستنی سەروماڵ و تەندروستیی هاووڵاتیاندا، 24 كاتژمێر لە ئەركداین".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید (دلێر نەجاڕ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و لە پێناو دابینكردنی ئەمنییەتی زیاتر و پەرەدان بەو سەقامگیرییەی لە هەولێری پایتەخت هەیە، تێكڕای تیمەكانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنی دەكەن و شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەك و بەردەوام لە ئەركدان.

عەمید (دلێر نەجاڕ) ئەوەشی خستەڕوو، پۆلیس بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركی سەرشانیان ڕادەپەڕێنن و لە سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و گەڕەك و شەقامەكانیش بڵاوەیان پێكراوە و دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، داواشی لە هاونیشتمانیان كرد، پابەندی بڕیار و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی بن، تا بە هەموو لایەك بتوانین ئەم دۆخە بە سەلامەتی تێپەڕێنین.

دەشڵێ، 24 كاتژمێر لە ئەركداین و خۆشمان بە خزمەتكاری هاووڵاتیان دادەنێین.

ئومێد بابان