سۆران عومەر: چەند فراکسیۆنێکی عێراقی بەڵێنیاندا پشتگیری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکەن

دوایین نوێکردنەوە 2023-09-15 00:00:00 - سەرچاوە: رووداو

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 14-9-2023 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا و چاوەڕوان دەکرێت دووشەممە دەنگی لەسەر بدرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەردانی بەشێکی فراکسیۆنە عیراقییەکانیان کردووە و بەڵێنی پشتیوانیی پڕۆژەیاساکەیان لێ وەرگرتوون.

رۆژی هەینی 15ـی ئەیلوولی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوێنێ دوای دانانی پڕۆژەیاسای [بەپارێزگابوونی] هەڵەبجە لەبەرنامەی کاری پەرلەمان، تەنیا 140 پەرلەمانتار ئامادەبوون و هەژماری یاسایی تەواو نەبوو؛ بۆیە بڕیارماندا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی چوار فراکسیۆن بکەین لە پەرلەمانی عێراق، کە ئەوانیش فراکسیۆنەکانی دەوڵەتی یاسا، سادیقوون، سەند و بەدر بوون. داوامانکرد چی دیکە برینی هەڵەبجەییەکان لەوە قووڵتر نەبێت و هاوکارمان بن بۆ تێپەراندنی لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی داهاتوودا؛ بەڵێنیان دا هاوکاربن و دەنگ بە پڕۆژەکە بدەن".

سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەکێک بووە لە ئەندامانی شاندی لایەنە کوردستانییەکان بۆ لای فراکسیۆنە عێراقییەکان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی دووشەممە 18-9-2023 لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەڵەبجە لە بەرنامەی کاردایە. ئەو فراکسیۆنانەی ئەمڕۆ سەردانمان کردن بەڵێنیاندا دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن". 

رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی پارێزگای هەڵەبجە لە 14 مادە و هۆیەکانی دەرچوونی پێکهاتووە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا ئەوە ماوە دەنگی لەسەر بدرێت.

مادەکانی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەمانەی خوارەوەن:

مادەی یەکەم: پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان - عێراق دروست دەکرێت بۆئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە 19 لە کۆماری عێراق؛ سەنتەرەکەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.

مادەی دووەم: دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - عێراق، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات. لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازیان کردووە، کە سنووری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە پارێزگاکە بەپێی نەخشەی هاوپێچکراوی یاساکە بێت.

مادەی سێیەم: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن. هەردوو لیژنەکە پێشنیازیان کردووە، پێویستە وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.

مادەی چوارەم: ئەو یاسایە لە رێکەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" جێبەجێ دەکرێت.

ئەگەر رۆژی دووشەممە داهاتوو، زۆرینە دەنگ بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدەن، هەڵەبجە دەبێتە 19یەمین و بچووکترین پارێزگای عێراق لەڕووی دانیشتووان و رووبەرەوە.

ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 135 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە و تاوەکو ئێستا بە فەرمیی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.