لە شەوی سێشەممەوە شەڕێکی قورس لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی سوریا و گروپێکی میلیشیای سەر بە ڕژێمی سوریا لە شاری حەسەکە بەردەوامە. بەهۆی پێکدادانەکان سێ هاووڵاتی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بریندار بوون. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، یەکێک لە بریندارەکان ژنە. لە کاتێکدا بەشێکی زۆری شاری حەسەکە لە ژێر دەستی هێزە کوردییەکاندایە، بەڵام هەندێک ناوچەی شارەکەش لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی دیمەشق و گروپەکانی سەر بە ڕژێمدان. بەپێی زانیارییەکان، چوار گولەهاوەن لە گەڕەکەکانی ساڵحیە، دەحیە و خیران کەوتوونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە. تا ئێستا لە ئەنجامی ئەم شەڕە ناوخۆییەی ڕژێمی سوریا 6 کوژراو و بریندار هەن. ڕۆژنامەنووس میهند ئیبراهیم لە شاری حەسەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، شەڕەکە هێشتا بەردەوامە. ئیبراهیم گوتیشی: "هەندێک زانیاری هەیە کە سەرکردەی میلیشیاکانی بەرگری نیشتمانی عەبدولقادر حەمۆ بریندار بووە". لە لایەکی دیکەوە شەوی دواتر و دوای دەستپێکردنی پێکدادانەکان، عەبدولقادر حەمۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدارەکانی هەڕەشەی لە هێزەکانی ڕژیم کرد و جیابوونەوەی خۆی ڕاگەیاند. لە شاری حەسەکە، لە 11ی مانگی هەشتەوە، پێکدادان لە نێوان هۆزی جبور و میلیشیاکانی دیفاع وەتەنی سەر بە ڕژێمی سوریا دەستیپێکردووە. بە وتەی پیاوماقوڵانی عەشیرەتی جبور، هۆکاری پێکدادانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرۆکی دیفا ئەلوەتانی، حەمۆ، لەگەڵ بەشێک لە چەکدارەکانی، لە گۆڕەپانی ئەمنی شاری حەسەکە، بێڕێزییان بە پیرێکی عەشیرەتی جبور کردووە . لە ئەنجامدا هاووڵاتیانی عەشیرەتی جیبور بەبێ فەرمان ناڕەزایەتیان دەربڕی و لە ناو عەشیرەتەکەدا کۆبوونەوە. بە وتەی سەرچاوەیەک لە عەشیرەتی جیبورەوە، هێزەکانی ڕژیم لەسەر داوای عەشیرەتی جیبور بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون بە هێزەکانی ڕووسیاوە هەوڵی دەستگیرکردنی عەبدولقادر حەمۆیان داوە. هەر بۆیەشە شەڕی نێوان ڕژیم و چەکدارانی عەشیرەتی جیبور ئێستا شەڕی ناوخۆی ڕژێم و میلیشیاکانییە.