لێکۆڵەرەوانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن پێشێلکارییەکان لە مافەکانی مرۆڤ و سوکایەتییەکان لە سوریا تۆوی توندوتیژیی و توندڕەوی زیاتر دەچێنن، ئەوەش سەرەڕای هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ جێگیرکردنی وڵاتەکە، یەکێک لەو هەوڵانەش دووبارە پەیوەندییکردنەوەی سوریایە بە کۆمکاری عەرەبییەوە. کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەکان لەسەر سوریا، کە لە سێ ئەندام پێکهاتووە، لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەم دیدە تاریکەی خستەڕوو. وەکو کاردانەوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنەکانی کۆمسیۆنەکە، زۆربەی وڵاتانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بەردەوامبوونی تاوانەکان دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ لەلایەن ڕژێمی سوریاوە. سەرۆکی کۆمسیۆنەکە، پاولۆ پینهیرۆ بە ئەنجومەنەکەی وت " نزیکەی 12 ساڵە، لایەنەکانی ئەم ململانێیە بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ." وتیشی " ئەمڕۆ گەنجانی سوریا بە لێشاو لە وڵاتەکە هەڵدێن، وڵاتێکی پارچەپارچە و ئابوورییەکی پەککەوتوو و ماڵی ڕووخاو لە دوای خۆیان جێدەهێڵن. چیتر هەست بە داهاتوویەک ناکەن لە وڵاتەکەی خۆیاندا." بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2011 ەوە کاتێک شەڕی ناوخۆی سوریا دەستیپێکرد، زیاتر لە 300,000 هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 12 ملیۆن هاووڵاتی دیکە ناچار بوون ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن، 6.8 ملیۆن کەسییان لە ناوخۆی سوریادا ئاوارە بوون و 5.4 ملیۆن کەسی دیکەیان ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی سوریا بوون. پینهیرۆ وتی لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، لە کاتێکدا کە جەنگەکە بەردەوام بووە، " سوریاییەکان بەردەوام دەکوژرێن، بێسەروشوێن دەبن، ئەشکەنجە دەدرێن، بە زۆرەملێ دەستبەسەر دەکرێن، ئاوارە دەبن و بێ ماڵ و حاڵ دەکرێن. نەک تەنها لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵکو لەلایەن سێ لایەنە سەرەکییەکەی دیکەشەوە کە کۆنتڕۆڵی سێیەکی وڵاتەکەیان کردووە." لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هێرشەکانی هێزەکانی سوریا و سوپای ئەو پێنج وڵاتە بیانییەش دەکات کە تاوەکو ئێستا لە سوریادا چالاکن، لەوانەش: هێزی ئاسمانی ڕووسیا، هێزەکانی ئیسڕائیل و ئەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت. پینهیرۆ وتی " پەرەسەندنی پشێوییەکان و شەڕ لە چەندین بەرەی جیاوازەوە، نزیکبوونەوەی داڕووخانی ئابووری وڵاتەکە و بەردەوامبوونی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سوکایەتییەکان، " وادەکەن وڵاتەکە پارێزراو نەبێت بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە سوریاییەکان بۆ وڵاتی خۆیان. کۆمسیۆنەکە وتی هەندێک لەو پەنابەرانەی کە گەڕاونەتەوە بۆ سوریا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سوریا یاخود باندە تاوانبارەکانەوە دەستبەسەرکراون و بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دەشڵێت هەڕەشەیان لێکراوە بۆ ئازادکردنییان، ئەوانی دیکەش ڕادەستی دەزگاکانی ئاسایش کراون، لە هەندێک حاڵەتیشدا خەڵکەکە بە منداڵانیشەوە بێسەروشوێن بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا لێکۆڵەرەوان ڕەخنەیان لە " دوودڵی وڵاتان گرتووە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان کە لە کامپەکانی ئەل هۆل و ئەل ڕەوجەوە دەستبەسەرکراون، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی ئەمەریکا چاودێرییان دەکات. پینهیرۆ وتی " بارودۆخی ژیان و گوزەرانییان دەگاتە ئاستێکی مامەڵەی نامرۆیی و دڕندانە، زیاتر لە 50,000 کەس لەو کامپانەدان و زۆربەیان منداڵ و ژنن." وتیشی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 14 وڵات زیاتر لە 2000 بیانییان لەو کامپانەوە گواستۆتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، لەوانەش زیاتر لە 1800 عێراقییان تێدا بووە. بەڵام باڵیۆزی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، حەیدەر عەلی ئەحمەد، ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنەکەی ڕەت کردەوە و وتی لایەنگرییە و پڕە لە زانیاری دژ بە یەک و هەڵە کە " لە ڕووی پیشەییەوە شەرمەزارکەر بووە." وتی کۆمسیۆنەکە " تەنها ئامڕازێکە بۆ " وروژاندن دژی حکومەتی سوریا " و داوای کشانەوەی " هێزەکانی ئەمەریکا و تورکیای " کرد لەسەر خاکی سوریا و وتی ئەوە تەنها ڕێگەیە بۆ باشبوونی دۆخەکە. وتی ئەمە ڕێگە دەدات بە " گەڕانەوەی پەنابەران و ئەو کەسانەی کە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارەبوون، هەروەها لابردنی سەرجەم ئەو ڕێوشوێنە نایاساییانەی کە بەسەر وڵاتەکەدا سەپێندراون." سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا